چوار رێکخراوی فەرەنسا سکاڵایەکیان دژی حکومەتی وڵاتەکەیان بردەوە
چوار رێکخراوەکە بڕیاری دادگەکەی پاریسیان بە "مێژوویی" و دەرفەتێکی گرنگ ناوبرد بۆ رێکخراوە ناحکومییەکانی وڵاتانی دیکە کە هەوڵدەدەن گوشار بخەنە سەر حکومەتی وڵاتەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
لە بڕیارەکەیدا، دادگەی کارگێڕیی پاریس دانی بە هەبوونی کەموکوڕیی ژینگەییدا نا لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و حکومەتی فەرەنسای بە بەرپرسیار دانا لە شکستهێنان لە پابەندبوونی تەواو بە ئامانجەکانی کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەکان.
هاوکات حکومەتی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری دادگەکە بە هەند وەردەگرن و لیستێکیان ئامادەکردووە بۆئەوەی کۆمەڵێک هەنگاو بگرنەبەر تاوەکو لە داهاتوودا "رێز لەو ئامانجانە بگرێت" کە بۆی دیاریکراون.
گابریێل ئاتال، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا دەڵێت "زۆر دادپەروەرانە دەبێت ئەگەر بڵێین وڵاتەکەمان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دواکەوتووە. من هاوڕام لەگەڵ ئەم لێکدانەوەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە چوومەتە پاڵ ئیمانوێل ماکرۆن بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک سیاسەتی ژینگەیی زۆر باش وەکو ئەوانەی لە ساڵی 2017وە جێبەجێمان کردوون، هەروەها ئەو سیاسەتانە لەڕێگەی پاکێجێکی هاندانی 30 ملیار یۆرۆیی پشتیوانی کراون بۆئەوەی پشت بە وزەی سرووشتی ببەسترێت. ئەوانەشی داوا لە حکومەت دەکەن کاری زیاتر بکات، پێویستە پێشنیازمان بۆ بێنن بۆئەوەی بتوانین ئەو ئامانجانە بەدیبهێنین و کاری زیاتر بکەین".
گوتەبێژەکەی حکومەتی فەرەنسا دانی بەوەدا نا کە حکومەتی وڵاتەکەی لە چەند ساڵی رابردوودا کاری جیددیی نەکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە دوا مانگی ساڵی رابردوو داوایکرد یەکێتیی ئەوروپا لەبری 40% کە بۆی دانرابوو، بە رێژەی 55% دەردانی گازە گەرمکەرەکان کەمبکاتەوە.
بەڵام چوار رێکخراوە ناحکومییە فەرەنسییەکە دەڵێن، هەوڵەکانی ماکرۆن لەڕاستیدا لە ناوخۆی فەرەنسا هەنگاوی کردەییان بۆ نەنراوە.
فەرەنسا نەیتوانیوە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت کە لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریسی ساڵی 2015 بۆی دانراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و زۆربەی هەوڵەکانی بۆ دوای ساڵی 2020 دواخستوون.
rudaw -
