لە تورکیا 150 خوێندکاری زانکۆیەک لەسەر دژایەتیکردنی بڕیارێکی ئەردۆغان دەگیرێن

لە تورکیا 150 خوێندکاری زانکۆیەک لەسەر دژایەتیکردنی بڕیارێکی ئەردۆغان دەگیرێن
خوێندکارانی زانکۆی بۆغازئیچیی ئیستەنبووڵ بەردەوامن لە گردبوونەوە دژی سەرۆکی نوێی زانکۆکەیان. رۆژی دووشەممە 2021/02/01ـیش 150 خوێندکار دەستبەسەر کران. ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپەیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ داواکاریی خوێندکاران راگەیاند، هەریەک لە سەرۆکی ئیی پارتی و سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی وسەرۆکی جەهەپە پشتیوانییان لە داواکاریی خوێندکاران دەکەن و داوای دەستلەکار کێشانەوەی سەرۆکی نوێی زانکۆکە دەکەن.

نزیکەی مانگێکە گردبوونەوە و ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆی بۆغازئیچیی ئیستەنبووڵ بەردەوامە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرۆکێکی نوێ بۆ زانکۆکەیان دەستنیسان کراوە و، گردبوونەوە لە 4ی کانوونی دووەمی 2021ـەوە دەستی پێکردووە.

رۆژی دووشەممە 1ـی شوباتی 2021 خوێندکارانی زانکۆکە جارێکی دیکە گردبوونەوە. بەهۆی رێگریی هێزە ئەمنییەکانەوە ئاڵۆزی روویدا و 159 خوێندکار دەستبەسەرکران.

خوێندکارێکی زانکۆی بۆغازئیچی دەڵێت: "با شەرم لە مرۆڤبوونی خۆیان بکەن. پێویستە ئیدی ئەمانە لە ئاست مرۆڤبوونی خۆیان شەرم دایانبگرێت. شەقێکیان لە زگم دا، هەناسەم بڕا. داوای یارمەتیم لە هاوڕێکانم کرد، ئەوانیش پاڵیان نام بۆ دواوە، چەند خولەکێک نەمتوانی هەناسە بدەم."

ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپەیش چوونە ریزی خوێندکارانی ناڕازییەوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ داواکاریی خوێندکاران راگەیاند.

دڵشاد جانباز کایا، پەرلەمانتاری هەدەپەیە و دەڵێت: "خوێندکاران لە خۆڕاگری بەردەوامن. تێدەکۆشن و بەردەوام دەبن. ئێمەش بۆ پاڵپشتیکردنی خوێندکاران هاتووینەتە ئێرە."

بێجگە لە هەدەپە پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەلیچ بوڵو، سەرۆکی زانکۆ و ئازادکردنی خوێندکارەکان دەکەن.

مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەو برادەرە، ئەگەر من لە شوێنی ئەو بوومایە دەستم لە کار دەکێشایەوە. لە دۆخێکدایە کە قبووڵ ناکرێت. باشە چۆن دەتوانێت ئەو خوێندکار و مامۆستایانە بەڕێوەببات؟"

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر نووسیی: "دەستبەسەرکردنی ئەو گەنجانە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە نیوەشەودا بەهۆی پارێزگاریکردنیان لە زانکۆکانیان و لیاقەت و دادپەروەری، جێگەی قبووڵکردن نییە. مەلیح بوڵو، سەرۆکی زانکۆ پێویستە دەست لە کار بکێشێتەوە و کۆتایی بەم دۆخە قێزەوەنە بهێنێت."

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، ئەویش لە تویتێکدا دەڵێت: "بەسە ئیتر، واز لەو کەللەڕەقییە بهێنن. خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکانی زانکۆی بۆغازئیچی دەستبەجێ ئازاد بکەن. لە زانکۆکاندا هەڵبژاردن بە بنەما بگرن."

پارێزگاری ئیستەنبووڵ رۆژی سێشەممە 2ی شوباتی 2021 رایگەیاند، لەو 159 خویندکارەی دەستبەسەر کرابوون 98 خوێندکاریان دوای وەرگرتنی گوتەکانیان ئازاد کراون و لێکۆڵینەوەی کارگێڕییش لە بابەتەکە بەردەوامە.

rudaw -
Top