لە ژاپۆن خەڵک پیاوێک بەکرێ دەگرن، 'هیچ ناکات' و پارە وەردەگرێت
مۆریمۆتۆ شۆجی، خاوەن بیرۆکەی هیچ نەکردن دەڵێت "کارەکەی من ئەمەیە 'کەسێک بە کرێ بگرە کە هیچ ناکات'، ئەمە بە مانای ئەوەیە، تۆ دەتوانیت من بە کرێ بگریت، بەڵام هیچ کارێکت بۆ ناکەم. دەتوانم لەگەڵت بخۆمەوە، نان بخۆم، لەوانەشە بۆ نموونە، وەڵامی پرسیاری ئاسان بدەمەوە".
یەکێک لەوانەی شۆجی-ی بە کرێ گرتووە، پیاوێکە کە دەیویست بۆ خەمی کۆچی هاوڕێکەی مۆم و بخورد داگیرسێنێت، بەڵام بە تەنیا حەوسەڵەی ئەوەی نەبووە.
تاکاهیرۆ، یەکێک لەوانەی شۆجی-ی بە کرێ گرتووە، دەڵێت "ماوەی سێ مانگە هاوڕێکەم گیانی سپاردووە، نەمدەتوانی بێم و پرسەی بۆ بگێڕم. داوام لە شۆجی کرد لەگەڵم بێت؛ ئەوە دەرفەتێکی باش بوو، هاتین و لێرە بخوردمان داگیرساند".
شۆجی بۆ هەر دەرچوونێکی لەم جۆرە، جگە لە خەرجیی گواستنەوە، داوای نزیکەی 100 دۆلار دەکات. ئامادەیە پیاسەت لەگەڵ بکات، یان گوێ لە چیرۆکێکی تۆ بگرێت، کە کەس نییە بۆی باسبکەیت.
شۆجی دەڵێت "هەندێکجار بۆ گوێگرتن لە چیرۆک داوام دەکەن، چیرۆکێک لەوانەیە ئەوان نەتوانن بە کەسانی دیکەی بڵێن. بۆ نموونە، خەڵک ناتوانن خاڵی لاوازی خۆیان باسبکەن".
بۆ پیاسەکردن، یان یاریکردن، یان بە هەر هۆکارێک بە تەنیا بیت و کەست لەگەڵ نەبێت، دەتوانیت بۆ چەند کاژێرێک بەو بڕە پارەیە شۆجی بە کرێ بگریت.
ئەم گەنجە ژاپۆنیە دەشڵێت، هەندێکجار خەڵک خۆیان تاقەتیان نییە بە تەنیا بچن بۆ نەخۆشخانە، من بە کرێ دەگرن و پێکەوە دەچین.
rudaw -
