ناتۆ: هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ئەفغانستان ناکشێنەوە

ناتۆ: هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ئەفغانستان ناکشێنەوە
چوار بەرپرسی باڵای ناتۆ بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)یان ڕاگەیاندووە هێزە سەربازییە نێودەوڵەتییەکانی جێگیر لە ئەفغانستان بەتەمان پاش تەواوبوونی ئەو مۆڵەت و کاتەی کە پێشتر حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ و تاڵیبان دەستنیشانیان کردووە، هەر لە ئەفغانستان بمێننەوە.

ئەم بڕیارەی ناتۆ پێچەوانەی ڕوانگەی گرووپی تاڵیبانە کە پێداگرانە خوازیاری چوونە دەرەوەی هێزە چەکدارە بیانییەکانە لە ئەفغانستان.

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بە پشتبەستن بە زانیاریی بەرپرسانی باڵای ناتۆ بڵاوی کردووەتەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ هەتا کۆتایی مانگی چوار بە هیچ جۆرێک لە ئەفغانستان ناکشێنەوە، چونکە بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی نوێی ئەمریکا، ستراتیژیی (بەپەلە)ی هێزە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان، لەبەر ئەوەی کات و دەرفەتی لەباری بۆ نەڕەخسێندراوە، بۆیە پێداچوونەوە لەو بڕیارەدا دەکرێت.

کابینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا، ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنێکی لەگەڵ گرووپی تاڵیبان واژۆ کرد کە تێیدا هاتووە دەبێ هەتا کۆتایی مانگی پێنجی ٢٠٢١ هەموو هێزە بیانییەکان ئەفغانستان بەجێ بهێڵن، لە بەرانبەردا تاڵیبانیش بەڵێنی دابوو کە کۆتایی بە توندوتیژی و تەقینەوەکان لەو وڵاتە بهێنێت، بەڵێنییەک کە بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی ئەفغانستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ هەتا ئێستا هیچی جێبەجێ نەکراوە.

سەرچاوەکانی ناتۆ ئاشکرایان کردووە پرسی چوونە دەرەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ئەفغانستان لەبەردەم لێکۆڵینەوە دایە و بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ناتۆدا کە مانگی دوو دەبەسترێت ئەم پرسە بخرێتە بەرباس.












باسنيوز


Top