گاڵتەکردن بە سیناتۆرێکی ئەمریکا بۆ هەژاران بووە خێر و بەرەکەت

گاڵتەکردن بە سیناتۆرێکی ئەمریکا بۆ هەژاران بووە خێر و بەرەکەت
سەتان میوان لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەشداربوون. یەکێک لە میوانەکان بێرنی ساندەرز، سیناتۆری ویلایەتی ڤێرمۆنت بوو کە شێوازی دانیشتن و جلوبەرگە نامۆکانی بووە جێگەی سەرنجی هەموو لایەک.

بێرنی ساندەرزی 79 ساڵ لەو رۆژەدا کە پلەی گەرمیی واشنتن 2 پلەی سیلیزی بوو، دوور لە میوانەکانی دی لەبەر خۆرەتاو خۆی گرمۆڵە کردبوو و قاچی لەسەر قاچی دانابوو.

بەڵام لە دانیشتنەکەی سەیرتر جلوبەرگەکەی بوو. ساندەرز دەستکێشێکی شلیلەی کردبووە دەستی کە رەنگەکەی تێکەڵەیەک بوو لە قاوەیی، سپی و رەش.

ئەو شێوازەی دانیشتنە و ئەو دەستکێشە شلیلەیە کاردانەوەیەکی خێرای نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە کە چۆن میوانێکی فەرمی لە رۆژێکی ئاوا گرنگدا بەو جلانەوە ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بووە.

لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا ئەوەندە گاڵتە بە بێرنی ساندەرز کرا تاوەکو لە سەرتاسەری جیهاندا کارگەکان بە دروستکردنی بووکەڵەی منداڵان لەسەر شێوازی سیناتۆرەکە دەستیان کرد.

بێرنی ساندەرز لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی رێکلامی بۆ بووکەڵەکان کرد، بایی ملیۆنێک و 800 هەزار دۆلاری لێفرۆشتن. ئەو پارەیەی پێشکەشی رێکخراوە خێرخوازییەکانی زێدی باب و باپیرانی لە ویلایەتی ڤێرمۆنت کرد.

بێرنی ساندەرز نەک تەنیا ئەو گاڵتەپێکردنانە هەراسانی نەکردووە، بەڵکو سوپاسی سەتان هەزار خەڵکی کرد کە کاریکاتێر و کارتۆنیان لەسەر بڵاوکردووەتەوە.

سیناتۆرەکەی ڤێرمۆنت ئەوەی بە پاڵپشتییەک لێکدایەوە و گوتی: " من و جەین[هاوسەرەکەی] بە هەموو ئەو چالاکییانەی خەڵکانێک لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سەرسام بووین."

مامۆستایەک لە ویلایەتی ڤێرمۆنت ئەو جووتە دەستکێشەی بۆ ساندەرز چاککردووە، ئێستا سێ جووتی دیکەی خستووەتە زیادکردنی ئاشکراوە و، ئەگەری هەیە هەر جووتێک زیاتر لە 5 هەزار دۆلار بکات.
k24 -
Top