فەرەنسا دەروازەکانی بە رووی گەشتیارانی دەرەوەی ئەوروپا دادەخات
حکوومەتی فەرەنسا بڕیاری دا دەروازەکانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتیارانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، دابخات.
جان کاستکس، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاندووە، رێگا بە هیچ کەسێک نادرێ لە فەرەنسا بچێتە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا یان لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتییەکە پێ بخاتە سەر خاکی فەرەنسا.
جان کاستکس هۆکاری داخستنی دەروازەکانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتیارانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا گەڕاندووەتەوە و رایگەیاندووە، بڕیارەکە لە رۆژی 1-2-2021ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە زۆر پێویستە بچنە فەرەنسا یان لە فەرەنسا بچنە دەرەوە.
تا ئێستا سێ ملیۆن و 153 هەزار و 487 کەس لە فەرەنسا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 75 هەزار و 620 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
