گوتەبێژی کۆشکی سپی باسی پەیوەندیی تەلەفۆنیی بایدن و رۆحانی دەکات

گوتەبێژی کۆشکی سپی باسی پەیوەندیی تەلەفۆنیی بایدن و رۆحانی دەکات


گوتەبێژی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) باسی پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆکی وڵاتەکەی و سەرکۆماری ئێران، دەکات.

جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن بە تەلەفۆن لەگەڵ حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئێران، مەرجی هەیە.

جین ساکی ئاشکرای کردووە، کە ئەگەر ئێران پابەندیی خۆی بە رێککەوتننامەی ناوکی دەربڕێت، ئەوکاتە جۆ بایدن بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە حەسەن رۆحانییەوە دەکات.

لە بەرامبەردا، مەحمود واعیزی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرکۆماری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکی لە رێککەوتنەکە نەچووەتە دەرەوە تا داوای پابەندبوونی لێبکرێت، ”هەرکاتێکیش ئەوروپا و ئەمریکا پابەندی رێککەوتنەکە بوون، ئێمەش بەڵێنەکانمان بەجێ دەگەیەنین“.

شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.





باسنیوز
Top