تەندروستیی جیهانی هۆشداریی لە سێ کێشەی گەورە بەهۆی پێکوتەی کۆرۆناوە دەدات
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی لە سێ کێشەی گەورە بەهۆی پێکوتەی دژەکۆرۆناوە، دەدات.
تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هەڵەکانی ساڵی رابردوو لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دووبارە نەکەنەوە.
تیدرۆس ئەدهانۆم هەروەها رایگەیاندووە، جیهان بووەتە گوندێک و ئەگەر پەتای کۆرۆنا لە هەموو ناوچە و شوێنەکان لەناو نەبرێت، ئەوا هیچ کەسێک پارێزراو نابێت.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی لە سێ کێشەی گرنگ داوە، کە بەهۆی هەناردەنەکردنی پێکوتەی دژەکۆرۆنا و دابین نەکردنی بۆ وڵاتانی هەژارەوە سەرهەڵدەدەن و بریتین لە؛
- شکستێکی ئەخلاقیی کارەساتبار دروست دەبێت
- بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا
- چارەسەرنەبوونی کێشە ئابوورییەکانی جیهان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دروست بوون
تیدرۆس ئەدهانۆم نموونەی بە چاوەڕوانیی وڵاتە هەژارەکان بۆ دەرمانی پێویستی نەخۆشیی ئایدز بۆ ماوەی 10 ساڵ و پێگەیشتنی پێکوتەی دژە ئەنفلەوەنزای بەراز بەو وڵاتانە، دوای کۆتاییهاتنی ئەنفلەوەنزاکە، هێناوەتەوە.
باسنیوز
