لەمۆزەخانەیەکی پاریس پەیکەری ترەمپ لادەبرێت و کارمەندەکانی خۆشحاڵن

لەمۆزەخانەیەکی پاریس پەیکەری ترەمپ لادەبرێت و کارمەندەکانی خۆشحاڵن

مۆزەخانەی گریڤانی فەرەنسی کە بە مۆم پەیکەر بۆ کەسایەتی و سەرکردە دیارەکانی جیهان دروستدەکات، رۆژی سێشەممەی رابردوو پەیکەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان لە مۆزەخانەکە لاداوە. یەکێک لە کارمەندەکانی مۆزەخانەکە دەڵێت، لووتی ترەمپ بێزاری کردبووین.

مۆزەخانەکە رۆژێک پێش رۆیشتنی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی و دەستبەرداربوونی لە دەسەڵات، پەیکەرەکەیان لادا و گواستیانەوە بۆ شوێنی هەڵگیراوەکانی مۆزەخانەکە لە کۆگایەکی نهێنی لە دەورووبەری پاریسی پایتەخت، کە پەیکەری نزیکەی هەزار کەسایەتی مێژوویی لەخۆدەگرێت.

کارمەندانی مۆزەخانەکە لەو بارەیەوە دەڵێن کە ئەوان بە لابردنی پەیکەری ترمپ دڵخۆشن و هەست بە حەسانەوە دەکەن و دەڵێن" خەڵک کە سەردانی ئێرەیان دەکرد کە ترەمپیان دەبینی پەنجەیان دەخستە لووتی و وێنەیان لەگەڵ دەگرت، بۆیە پێویست بوو لەسەرمان هەموو جارێک لووتی پەیکەرەکە رێکبخەینەوە، ئەوەش بێزارکەربوو".

سەری پەیکەرەکەی ترەمپ لەدەستی کارمەندێکی مۆزەخانەکە AFP

ئیف دۆلۆمۆ، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی گریڤانی پاریس کە ساڵانە نزیکەی 700 هەزار کەس سەردانی دەکەن لەبارەی لادانی پەیکەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت" بۆ کاتێکی نادیار پەیکەرەکە لای خۆمان هەڵدەگرین، رەنگە ئەو هەلەمان بۆ بڕەخسێ و وەک دێوەزمەیەک لە ئاهەنگەکانی هالۆوێن بەکاریبهێنین."

دوای سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی 2020 ی ئەمریکا، پەیکەرتاشێکی مۆزەخانەکە کار لەسەر دروستکردنی پەیکەرێکی لە مۆم دروستکراو بۆ جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەکات، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو مانگدا ئامادە بێت.

رۆژی 20-1-2021 دۆناڵد ترەمپ کۆشکی سپی جێهێشت و لەگەڵ خانەوادەکەی بەرەو ویلایەتی فلۆریدا بەڕیکەوتن و، هەمان رۆژ جۆ بایدن لە کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و بەشێوەیەکی فەرمی بووە 46ـەمین سەرۆکی وڵاتەکەی.
rudaw-
Top