کۆشکی سپی: ئەمریکا لەبارەی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دانوستان دەکات
جین ساکی، گوتەبێژی نوێی کۆشکی سپی دوێنێ چوارسەممە لە یەکەم پرێس کۆنفرانسدا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەمەڕ ڕوانگەی جۆ بایدن لەبارەی ئێران گوتی ئەمریکا لەمبارەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ڕاوێژ و دانوستان دەکات.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە درێژە بە پلانەکانی بۆ پێشگیری لە بەرنامەی ئەتۆمیی دەدات.
جۆ بایدن سەرکۆماری ئەمریکا پێشتر ڕای گەیاندووە ئەگەر بێت و ئێران پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکیدا واژۆی کردووە، ئەمریکاش دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئەو ڕێککەوتننە.
جین ساکی گوتیشی: "سەرکۆماری ئەمریکا ڕاشکاوانە گوتوویە کە باوەڕی بە گرتنەبەری ڕێکاری دیپلۆماسی هەیە و لەم ڕێگەیەوە بۆ پێشگیری لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ڕیکارەکان توندتر دەکات، چونکە هەوڵەکانی ئیران جێگەی نیگەرانین".
گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕاشی گەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت یەکەم گفتوگۆکانی جۆ بایدن لەگەڵ ڕێبەرانی وڵاتانی هاوپەیمان، لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران بێت، چونکە پرسی ئەتۆمیی ئێران یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە.
باسنيوز
