میسر دەست بەسەر سامانی ئیخوان موسلیمین و سەرکردەکانیدا دەگرێت
دادگای میسری بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی سامانی رەوتی ئیخوان موسلیمین و سەرکردەکانی، دا.
میدیا میسرییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە رۆژی یەکشەممە 17-1-2021، دادگای کاروبارە خێراکانی میسر بڕیاری لەبارەی دەست بەسەرداگرتنی سامانی 89 سەرکردەی ئیخوان موسلیمین، دا.
دادگاکە بڕیاری داوە دەست بەسەر سامانی ئەو سەرکردانەی ئیخوان موسلیمیندا بگیرێت و بخرێتە ناو خەزێنەی دەوڵەت.
لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگادا، دەست بەسەر سامان و موڵکی محەمەد مورسی، سەرکۆماری پێشووی میسر (2012- 2013)، محەمەد بەدیعی رێبەری ئیخوان موسلیمین و خیرەت شاتری جێگرەکەیدا، دەگیرێت.
دوای لەسەر کار لادانی محەمەد مورسیی سەرکۆماری میسر لە ساڵی 2013، کە هاوکات سەرۆکی پارتی ئازادی و دادپەروەریی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمین بوو، میسر ئیخوان موسلیمینی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
باسنيوز
