ئەمساڵ لە کرماشان رێژەی بێکاری بۆ کەمترین ئاستی دابەزیوە
کرێکارانی کرماشان کە رۆژانە بە دەم چاوەڕوانییەوە رۆژەکانیان بە ئێوارە دەگەیێنن، رەوشی ئابووری دۆخیانی ئەستەم کردووە.
کرێکارێک دەڵێت: "ئێستا بێکارین، کارێکمان نییە. لەو کاتەوە کۆرۆنا تەشەنەی سەندووە کار زۆر کەم بووەتەوە."
کرێکارێکی دیکە دەڵێت: "25 رۆژە کارم نەکردووە، ئەویش کرێکاریی سادە. ژیانمان زۆر دژوارە. باسی گۆشت و شت ناکەم، تەنانەت نانی وشکیشیمان نییە کە بیخۆین."
پارێزگای کرماشان کە ساڵانێک لە بێکاریدا پێشەنگی پارێزگاکانی ئێران بوو، ئێستا لە پلەی حەوتەمدایە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاری وەرزی پاییز لە پارێزگای کرماشان 12.4٪ بووە، واتە کەمترین ئاست لە دەیەیەکی رابردوودا.
بەپێی ئەو راپۆرتە رێژەی بێکاری لە کرماشان لە وەرزی پاییزدا لە چاو وەرزی هاویندا نزیک بە 4٪ کەم بووەتەوە.
هیدایەت حاتەمی، جێگری پارێزگاری کرماشان دەڵێت، بەگەڕخستنەوەی کارگە داخراوەکان، گرنگیدان بە هەلی کار لە گوندەکان و هەروەها رەخساندنی هەلی کار لە بواری تەکنۆلۆژیادا رۆڵی گرنگیان لە کەمکردنەوەی ژمارەی بێکارانی پارێزگای کرماشاندا هەبووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە پارێزگای کرماشاندا 854 یەکەی بەرهەمهێنەری پیشەسازی هەن کە نزیک بە 30 هەزار کەس کاریان تێدا دەکەن.
ئیحسان سەلاحی، جێگری رێکخراوی پیشەسازی و بازرگانیی کرماشان رایگەیاند: "بە بەگەڕخستنەوەی کارگە داخراوەکان هەنگاوێکی گەورەمان ناوە. پلانمان دانابوو تاوەکوو کۆتایی پاییز 50 کارگە بە گەڕ بخەینەوە. 26 یەکەی پیشەسازی و 16 یەکەی کانگاییمان بە گەڕ خستوونەتەوە. ئەمانە هەلی کاریان بۆ هەزار کەس رەخساندوون."
بەڵام راپۆرتی ناوەندی ئامار خاڵێکی دیکەشی تێدایە ئەویش رێژەی بەشداریی ئابووریی خەڵکە. رێژەی بەشداری یان چالاکیی ئابووریی خەڵک، واتە ئەو کەسانەی ئیش و کاریان هەبووە یان بۆ کار گەڕاون. لە پاییزی ساڵی 2019 لە پارێزگای کرماشاندا 47.7٪ بووە، بەڵام ئەو رێژەیە لە پاییزی ساڵی 2018دا بۆ 44٪ دابەزیوە.
واتە نزیکەی 4٪ی دانیشتووانی پارێزگای کرماشان بازاڕی کاریان جێهێشتووە. ئەوانە بۆ دەستخستنی کار بێهیوا بوون و لە ئاماری بێکارەکانیشدا تۆمار نەکراون.
پارێزگای کرماشان رێگەیەکی ئەستەمی لە پێشە تاوەکو بە ئاستێکی گونجاوی رێژەی بێکاری بگات.
rudaw -
