خامنەیی: کڕینی پێکوتەی ئەمریکی و بەریتانی قەدەغەیە

خامنەیی: کڕینی پێکوتەی ئەمریکی و بەریتانی قەدەغەیە


عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ هەینی، بڕیاری دا کڕین و هێنانی پێکوتەی ئەمریکی و بەریتانی قەدەغەیە و دەبێ پێکوتەی خۆماڵی بەکار بهێنین و حاشای لێ نەکرێت.

خامنەیی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕای گەیاندووە: "ئەگەر ئەمریکییەکان بیانتوانیبا پێکوتەی کۆرۆنا بەرهەم بهێنن، ئێستا دۆخیان بەم شێوەیە نەدەبوو".

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، لەمبارەوە ئەمڕۆ شەممە ٩ی١ی٢٠٢١ حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئاشکرای کرد خاترجەم بن ڕێگە نادەین خەڵکی ئێران ببێتە ئامرازی تاقیکاریی پێکوتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا".

ڕۆحانی ئاماژەی بەوەش کردووە: "یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵک ئەوەیە کە هەرچی زووتر پێکوتەی کۆرۆنا بخەینە بەردەست کە لەلایەن وەزارەرتی تەندرستییەوە پەسەند بکرێت، ئێمە ئەگەر بتوانین لە ناوخۆ خۆمان پێکوتە بەرهەم بهێنین گرنگترە، یان پێکوتەیەکی تەندروست و خاترجەمی بیانی هەبێت، دەیکڕین و دابینی دەکەین".

پرسی کڕینی پێکوتەی کۆرۆنا لە ئێران لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری کۆرۆنا بووەتە مژار و ناکۆکیی نێوان بەرپرسانی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە و ڕەزا مەلەک‌ زادە جێگری تەندروستیی ئەو وەزارەتە بەم بۆنەوە دەستی لەکار کێشاوەتەوە.

پێشتر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرای کردبوو بۆ کڕینی ١٦ ملیۆن دوووز پێکوتەی کۆرۆناو پارەیان دابین کردووە، لە بەرانبەردا سەعید نمەکی وەزیری تەندروستیی ئێران باسی لەوە کردووە کە لە ناوخۆی وڵات پێکوتەی کۆرۆنا بەرهەم هاتووە، بەڵام هەندێ کەس و لایەن حاشای لێ دەکەن و گومانیان لێی هەیە.

ئەم هەڵوێستەی ڕێبەری باڵای ئێران و سەرکۆماری ئەو وڵاتە لە کاتێکدایە کە ڕەوشی تووشبوونی خەڵکی ئێران بە کۆرۆنا، نەتەنیا باش نەبووە، بەڵکوو خراپتر بووە و جۆرە نوێیەکەی کۆرنا (گۆڕدراو) لە ئێران بە خێرایی بڵاو بووەتەوە.

بەپێی ئامار و داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە هێشتا ئێران یەکێک لە وڵاتانی پڕ مەترسییە لەڕووی کۆرۆناوە و تەنیا دوێنێ هەینی شەش هەزار و ٢٥١ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئێران تۆمار کراوە.

هەتا ئێستا بەگشتی لە ئیران یەک ملیۆن و ٢٧٥ هەزار کەس تووشی پەتاکە بوون.

دوێنێ ٨٥ کەسی دیکە لە ئێران بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و بەپێی دوایین ئامار تا ئێستا لە ئێران ٥٦ هەزار و ١٨ کەس بەهۆی کۆرۆناوە مردوون.












باسنيوز
Top