جوو بایدن لیستێک لە ناوی کاربەدەستانی کۆشکی سپی راگەیاند
دوای یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و کاملا هاریسی جێگری، لیستێکیان لە ناوی کاربەدەستانی کۆشکی سپی راگەیاند، کە لە دەستەی هاریسدا کار دەکەن.
بایدن لەبارەی دامەزراندنی ئەم دەستە نوێیەوە رای گەیاند: "بنیاتنانەوەی وڵات بە شێوەیەکی نوێ پێویستی بە باشترین و زیرەکترین کەسەکان هەیە لە ئیدارەکەماندا، ئەمانەش هەموویان خاوەن ئەزموون و شارەزایین و هەموو رۆژێک کار ئەکەن بۆ خزمەتکردنی گەلی ئەمریکا".
گوتیشی: "ئەم دەستەیە پابەندبوونێکی هاوبەشیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو تەنگژانەی رووبەڕووی ئەمریکا دەبنەوە، ئەمەش یارمەتیمان دەدات ببین بە گەلێکی بەهێزتر و یەکگرتووتر".
هەر لەمبارەوە کاملا هاریس جێگری بایدەن گوتی: "ئەم دەستە توانا و شارەزاییەکی زۆریان هەیە و ئامادەین دەست بە کار بکەین و رووبەڕووی هەموو ئەو گرفتانە ببینەوە، کە رووبەڕووی گەلی ئەمریکا دەبنەوە، وەک کۆرۆنا و تەنگژەی ئابووری و تەنگژەی کەشوهەوا و ستەمی رەگەزپەرستی، من شانازی دەکەم کە ئەم کەسانە لە دەستەکەمدا دەست بەکار دەکەن و رۆژانە بەیەکەوە کار دەکەین".
لیستی ناوی ئەو کاربەدەستانەی لە تیمی هاریس لە کۆشکی سپی دەستبەکار دەبن بریتییە لە:
- یایل بیلکیند، یاریدەدەری سەرۆکی کاربەدەستان.
- فینسنت ئیفانز، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی بەشداریی گشتی و کاروباری حکوومەت.
- مایکل فۆچس، جێگری سەرۆکی کاربەدەستانی کاملا هاریس.
- کیت چایلدز گراهام، سەرۆکی بەشی نووسینی وتار و لێدوانەکانی کاملا هاریس.
- ئایک ئیربی، راوێژکاری سیاسییەتەکان.
- دیان میلیسۆن، جێگری سەرۆکی سیاسی.
- ریچیل بالیرمۆ، یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانی.
- مایک بایل، سەرۆکی راوێژکارانی ئابووری.
- سابرینا سینگ، جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی.
- بیتەر فیلز، سەرۆکی چالاکییە رۆژنامەوانییەکان.
- هێربی زیسکیند، جێگری بەڕێوەبەری پەیوەندی و گەیاندن.
بڕیار وایە 20ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا، جۆ بایدن، وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەست بەکار ببێت، لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، کە هەڵبژاردنەکەی دۆڕاندووە و دانیشی بە سەرکەوتنی بەرامبەرەکەی نەناوە، رای گەیاندووە، کە ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی بایدن نابێت، ئەمەش پێچەوانەی ئەو دابەیە، کە ساڵەهای ساڵە لە دەستاودەوستکردنی سەرۆکەکانی ئەمریکا پەیڕەو دەکرێت.
باسنيوز
