ترەمپ: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە هی وڵاتانی جیهانی سێیەمیش خراپتر بوو
ترەمپ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "تویتەر"، پۆستێكی نوێی كردووە و تیایدا داوا لە مایك پێنسی جێگری دەكات ئازایەتی بنوێنێت و دەنگە ساختەكراوەكان بگەڕێنێتەوە، چونكە ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیەی ئەمریكا لەوانەی جیهانی سێیەمیش خراپتر بوو.
ترەمپ كە ئێستا ڕۆژانی كۆتایی تەمەنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بەسەردەبات، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ خولی دووەمی بە جۆ بایدن بەربژێری دیموكراتەكان دۆڕاند، لە تویتەكەیدا نووسیویەتی "مایك پێنس دەتوانێ دەنگە ساختەكان بگەڕێنێتەوە.
ترەمپ لە چەند تویتێكی تریشدا نووسیبووی كە ویلایەتەكانی ئەمریكا دەیانەوێ دەنگەكانیان راست بكرێتەوە، دوای ئەوەی زانیان كە پێشێلكاری و ساختەی زۆر لە دەنگداندا كراوە.
مەبەست لە جیهانی سێیەم، ئەو وڵاتە هەژارانەن كە بە شۆڕشی پیشەسازی و پێشڤەچوونی ڕۆژئاوا ڕانەگەیشتوون، بە پێی ماڵپەڕی ویكی پێدیاش بێت، ئێستا وڵاتانی وەكو ئەمریكا، كەنەدا و یەكێتیی ئەورووپا بە جیهانی یەكەم، رووسیا و بەشێك لە وڵاتانی سەر بە یەكێتیی سۆڤیەتی جارانیش جیهانی دووەمن، بەشێكی سەرەكیی ئاسیا و ئەفریقیا، بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە جیهانی سێیەم دادەندرێن.
باسنيوز
