توركیا هەوڵ دەدات ببێە خاوەنی چەكی ئەتۆم

توركیا هەوڵ دەدات ببێە خاوەنی چەكی ئەتۆم
ساڵانێكی زۆرە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، لە میتینگەكانیدا داوا دەکات رێگەیان بدەن ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆم، بەڵام ئەمریكا و یەكێتیی ئەورووپا و تەنانەت رووسیاش دژی ئەو هەنگاوەی ئەردۆغانن. نووسەرێكی نزیكی سەر بە ئاكەپە و ئەردۆغان، داوا دەكات توركیا ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم و بابەتەكەی هێناوەتەوە بەرباس.

توركیا و پاكستان چەند كۆبوونەوەیەكیان لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوە بردووە، پاشان گەیشتنە رێككەوتن بەوەی پەیوەندیی راستەوخۆی چەك لە نێوانیاندا هەبێت، تەنات هەندێك لە چەكەكانیش لە لایەن هەردوو لاوە بەرهەم بهێنرێت، كە لەنێونیاندا چەكی ئەتۆمیش هەیە.

میدیاكانی هیندستان دژی ئەو پەیوەندییەی توركیا و پاكستان هاتوونەتە دەنگ و، دەڵێن نابێت توركیا وەكوو پاكستان ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم، چونكە مەترسییەكی جیدی بۆ سەر ناوچەكە و جیهان دروست دەكەن.

لە بەرامبەردا نەدرەت ئێرسانێل نووسەری دیاری رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی سەر بە ئاكەپە، وەڵامی میدیاكانی هیندستان دەداتەوە و دەڵێت ئێوە بە كڕینی مووشەكی S400 دڵتەنگ بوون و پێتان قەبووڵ ناكرێت، ئیتر چۆن چەكی ئەتۆمتان پێ هەزم دەكرێت.

نووسەر ئاماژەی بەوەش داوە، كە قسەی میدیاكانی هیندستان لە خۆڕا نییە، بەڵكوو لە لایەن حكوومەتەوە ئاراستە كراون تا هێرش بكەنە سەر توركیا و پاكستان.

نەدرەت لە بەشێكی تری وتارەكەیدا دەنووسێت: "ئەگەر لەمن بپرسن ئایا توركیا پێویستی بە چەكی ئەتۆم هەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێم بەڵێ پێویستی پێیەتی، بەڵام ئەگەر بڵێن ئایا بۆ ئەو پڕۆسەیە كاتمان پێویستە، لە وەڵامدا هەر دەڵێم بەڵێ كاتی پێویستە".

لە ٢٠١٩ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێكدا گوتی "هەندێك لە وڵاتان كە یەك و دوو نین، خاوەنی چەكی ئەتۆمن، بەڵام كاتێك توركیا دەیەوێت ببێتە خاوەنی ئەو چەكە رێگەی پێ نادەن، من ئەمە قبووڵ ناكەم".

میدیاكانی ئەورووپا رەخنەی توندیان لە ئەردۆغان گرت، بەوەی دەیەوێت توركیا بكاتە خاوەنی چەكی ئەتۆم، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ئەورووپا و ناوچەكە.

ئەورووپا پێیانوایە توركیا وڵاتێكی دیموكرات نییە، بۆیە هەر وڵاتێك دیموكرات نەبوو، نابێ ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆم، هەروەها ترسیان هەیە بەو چەكە كۆمەڵكوژی بکات.

توركیا لە ساڵی ١٩٨٠ و ساڵی ١٩٩٦ چەند رێككەوتنێكی کرد بۆ بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆم، بەڵام رێگەیان پێ نەدا. ئەردۆغان دەیەوێت تا ئەو لەسەر دەسەڵاتە توركیا بكاتە خاوەنی ئەو چەكە قورس و پڕ مەترسییە، بەڵام دیار نییە سەركەوتوو دەبێت یان نا.











باسنيوز


Top