نرخی نەوت بۆ نزیکەی 54 دۆلار بەرزبووەوە

 نرخی نەوت بۆ نزیکەی 54 دۆلار بەرزبووەوە
دوای ئەوەی سعودیە رایگەیاند، ئامادەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر دابەزێنێت، لە هەمان کاتدا نەوتی عەمبارکراوی ئەمەریکا دابەزینی تۆمارکرد، نرخی نەوتی خاو بۆ بەرزترین ئاستەکانی لە دوای مانگی شوباتی رابردووەوە بەرزدەبێتەوە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ 53.87 بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە دوای 26ـی مانگی شوباتی 2020.

نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی سەدا 0.18 بۆ 50.02 دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستیەتی لەدوای 24ـی مانگی شوباتی 2020.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە شانشینی سعودییە، کە گەورەترین سەرچاوەی نەوتە لە جیهان، رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس رایگەیاند، خۆبەخشانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە مانگەکانی شوبات و ئادار کەمدەکاتەوە.

ئەو هەوڵەی سعودیە بۆ ئەوە بوو، ئەندامەکانی دیکەی ئۆپێک پڵەس هانبدات تاوەکو لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستایان، بەردەوام بن.

لەگەڵ تەشەنەسەندنی خێرای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەندین وڵاتی جیهانی، بەرهەمهێنەران هەوڵدەدەن پاڵپشتی لە نرخی نەوت بکەن، لەکاتێکدا داخرانی گشتی و قەدەغەی هاتووچۆی نوێ، کاریگەری لەسەر خواست بۆ نەوت دروستکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگەی پێترۆڵی ئەمەریکی، نەوتی عەمبارکراوی ئەمەریکا بە بڕی 1.7 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی رابردوو بۆ 491.3 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بوو.







K24
Top