لە سەرەتای ساڵی نوێوە توركیا باجی لەسەر کاڵاکان زیاد كردووە
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیاوە بڵاو كراونەتەوە، گازی سروشتی ٧٪ باجی هاتووەتە سەر، كارەبا ١٪ و بەرزەپرد و تونێلەكانی ناو شاریش ٢٠٪ باجیان هاتووەتە سەر.
بۆ نموونە پردی شەهیدانی ١٥ی تەمووز لە ئیستەنبۆڵ، تەنیا چوون بە سەیارە ١٤٧ لیرەیە و هاتنیش بە هەمان نرخ.
هەروەها رێگەی نێوان ئیستەنبۆڵ و ئیزمیر كە بە یەكێك لە رێگا هەرە خۆش و جوانەكان دادەنرێت، تەنیا چوون بەو رێگەیە بە سەیارە ٣٦٧ لیرەیە، لە كاتێكدا لە ٢٠٢٠ بە ٢٦٠ لیرە بووە. ئەمە جگە لەوەی تونێلی سەر ئەو رێگایە كە پێویستە بەكار بهێنرێت، ئەویش ١٨٠ لیرەیە.
هەموو ئەو رێگا و تونێل و بەرزەپردانەی لە توركیا هەن،٢٠٪ باجیان هاتووەتە سەر و هەر كەسێك بەكاری بهێنێت، پێویستە پارە بدات. هەر هاووڵاتییەكی توركیا، مۆبایل لە دەرەوەی توركیا بهێنێتەوە، پێویستە وەكوو باج ٢ هەزار لیرەی توركی بداتە حكوومەت، لە كاتێكدا پێشتر خوار هەزار لیرە بووە.
لەلایەكی تر، ١٠٪ باجی لەسەر مامەڵەی تاپۆ و دادنووسی و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و نوێكردنەوەی ناسنامە و پاسپۆرت زیاد كردووە.
گارۆ پایڵان ئەندام پەرلەمانی هەدەپە، لە پرێس کۆنفرانسێکدا رەخنەی لە زیادكردنی باج گرتووە و گوتی: "ئەو رێگا و تونێلانەی شانازی پێوە دەكەن، هاووڵاتییانی توركیا بە خەیاڵیش ناتوانن بەسەریدا بڕۆن، چونكە ئەگەر بیانەوێت لە ئیستەنبۆڵەوە بچنە ئیزمیر، پێویست دەكات هەزار لیرەی توركی بژمێرن. رەنگە تەنیا ١٪ی هاووڵاتییانی توركیا بتوانن ئەو رێگا و تۆنێلانە بەكار بهێنن".
نرخی كەلوپەل و خواردن و میوە و سەوزەش بە هەمان شێوەیە باجی هاتووەتە سەر، بەڵام لە شتێكەوە بۆ شتێكی تر، رێژەی باجەكە جیاوازە.
زیادكردنی باج لەسەر کاڵا و شتومەک و خزمەتگوزارییەکان لە توركیا هاووڵاتییانی نیگەران كردووە، چونكە قەیرانی دارایی و نەبوونی كار، رێژەی هەژاریی بەرز كردووەتەوە و زیادكردنی باجیش ئەركی هاووڵاتی قورستر دەكات.
باسنيوز
