داوا دەکرێت بودجە بۆ تەواوکردنی ١٩ بەنداو تەرخان بکرێت

داوا دەکرێت بودجە بۆ تەواوکردنی ١٩ بەنداو تەرخان بکرێت
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بەھۆی قەیرانی داراییەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کارکردن لە ١٩ بەنداو وەستێندراوە، بەمەبەستی دەستکردنەوە بە کارکردن تێیاندا داواکارییەکییان پێشکەشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەروچاوەکانی ئاو ڕاگەیاند: "بەمەبەستی بووژانەوەی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ١٩ بەنداومان لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان خستە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەھۆی ھاتنە پێشەوەی قەیرانی دارایی توانرا بەشێکی کەمی کاری بەنداوەکان تەواو بکرێت و کارکردن تێیاندا وەستاوە".

گوتیشی: "بەمەبەستی تەواوکردنیان، داواکارییەکمان داوەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و داوای دابینکردنی بڕە بودجەیەکمان کردووە، بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕێی وەڵام و ڕەزامەندیی حکوومەتین".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی ئەوەشی کرد: "بەدەر لەوەش پلانێکی نوێمان بۆ گەشەی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ لە بوارەکانی پەلەوەر، ئاژەڵداری، ئاودێری و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ داڕشتووە".



باسنيوز
Top