زانایەكی بەریتانیا: ڕەنگە ڤاگسینی كۆرۆنا بۆ جۆرە نوێیەكە دەست نەدات
جۆن بێڵ زانای پزیشكی و پسپۆر لە زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانیا رایگەیاندووە كە پێویستە جیهان ئاگادار بێت لەوەی ڕەنگە ڤاگسینی دژە كۆرۆنا بە كەلكی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەیەت كە لە باشووری ئەفریقیا سەری هەڵداوە.
بێڵ پێیوایە ئەگەر ئەم ڤاگسینەی ئێستا هەیە بە كەلكی جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەیەت، ئەوا پێویستیان بە ماوەی شەش هەفتەی تر دەبێت بۆ پێشخستنی ڤاگسینەكە بە جۆرێك توانای بەرگری لە دژی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا هەبێت كە بەم دواییە لە باشووری ئەفریقیا سەری هەڵداوە.
زانا بەریتانیەكە ئەوەشی گوتووە كە نیشانەی پرسیاری گەورە لەسەر جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنای باشووری ئەفریقیا هەیە و جارێ جیهان شتێكی وای لەبارەوە نازانێت.
جێی باسە هەفتەی رابردوو باشووری ئەفریقیا سەرهەڵدانی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند كە بە 501.V2 ناسێندراوە و بە شێوەیەكی گەورەتر لە كۆرۆنای ئاسایی بڵاو دەبێتەوە.
باسنيوز
