ئێران: بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان دەست بە پیتانی یۆرانیۆم دەکەینەوە

ئێران: بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان دەست بە پیتانی یۆرانیۆم دەکەینەوە
ئەمڕۆ دووشەممە گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئیرنا) ڕای گەیاندووە بەپێی بڕیاری سەرکۆمار و بۆ جێبەجێکردنی هەوڵە ستراتیجییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران لە ئەمڕۆوە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەست پی دەکەینەوە.

عەلی ڕەبیعی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی١ی٢٠٢١ ڕای گەیاندووە: "حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم کارە کە لە پەرلەمانی ئێرانەوە داڕێژراوە و ئامانج لێی هەڵگرتنی گەمارۆکانە، جێگرەکەی خۆی ڕاسپاردووە".

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرکۆمار بڕیاری لەسە جێبەجێکردنی پرۆژەیاسای ستراتیجیی پەرلەمان داوە کە ئامانج هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێرانە و لە ئەمڕۆ دووشەممەوە پرۆسەی گواستنەوەی گاز لە دامەزراوەی ئەتۆمیی (فردۆ) دەستی پێ کردووە و یەکەم قۆناغی پیتانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی (UF6) دەست پێ دەکات".

ڕەبیعی ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەموو ئەم پرۆسانە پاش تێپەڕاندن و گرتنەبەری ڕیوشوێنی پێویست بووە و پێشتر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیش لێی ئاگادار کراوەتەوە و لەسەر داوای پەرلەمانی ئێران حکوومەت لە بەرانبەر جێبەجێکردنیدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت".

ماوەیەک لەمەوبەر عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران رای گەیاندبوو کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیاسایەی پەرلەمان دەبێ سەرکۆماری بە فەرمی بڕیار بدات.

دوو مانگ لەمەوبەر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە ئێران پابەندی بەڵێن و ڕێککەوتنەکان نەبووە و کە ساڵی ٢٠١٥ لە ڕێککەوتنی ناوکیدا لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژۆی کردووە.












باسنيوز



Top