سوپای پاسداران: لە سێ دەیەدا لە ناوچەکە ١٧ ملیار دۆلارمان خەرج کردووە

سوپای پاسداران: لە سێ دەیەدا لە ناوچەکە ١٧ ملیار دۆلارمان خەرج کردووە
جێگری هاوئاهەنگیی سوپای پاسداران ڕای گەیاندووە حکوومەتی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا ١٧ ملیار دۆلاری خەرجی چالاکییەکانی لە ناوچەکە کردووە.

محەمەدڕەزا نەقدی شەوی ڕابردوودا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆیی ئێران، بەرگریی لە حزوور و بەشداریی ئێران لە شەڕی سووریا کردووە و ڕای گەیاندووە "سووریا لە دۆخێکی قەیراناویدا بووە و ئێمە دەبوو یارمەتیمان کردبان".

ئەم گوتانەی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەبارەی هەزینە و خەرجەکانی ئێران بۆ شەڕ لە ناوچەکە و بەتایبەتی یارمەتیی گرووپ و میلیشیا شیعەکان لە سووریا و عێراق و یەمەن، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە ژمارە و داتای جۆراوجۆر باس کراوە.

سەرەتای پاییزی ڕابردوو عەلی فەدەوی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ڕای گەیاند کە خەرجی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، ١٩.٦ ملیار دۆلار بووە، بەڵام هەزینەی سەربازیی ئێران لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا زۆر کەمترە لە هەزینەی شەڕی ئێران و عێراق.

لەلایەکی دیکەشەوە حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئیعتماد ئانلاین) ڕای گەیاندووە: "تەنیا هەزینەی حزووری ئێران لە سووریا لە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ ملیار دۆلار بووە".

پێشتریش ماڵپەڕی (بلۆمبێرگ) بڵاوی کردبووەوە کە بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی کە بەرپرسانی تاران بڵاویان کردووەتەوە، ئێران ساڵانە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار یارمەتیی حکوومەتی بەشار ئەسەد دەکات.

هاوکات سەرچاوەکانی ئیسرائیلیش بڵاویان کردووەتەوە کە ئێران ساڵانە سەرەڕای قەیرانی قووڵی ئابووریی خۆی، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار یارمەتیی حزبوڵای لوبنان دەکات، هاوکات ساڵانە لە نێوان ٦٠ هەتا ٧٠ ملیۆن دۆلاریش هەزینەی گرووپ و میلیشیاکانی فەلەستین دەکات.













باسنيوز


Top