خامنەیی: دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقی هاوكاری و دۆست، یەکەم لێدانی بەهێز دەبێت لە تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانیدا

خامنەیی: دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقی هاوكاری و دۆست،  یەکەم لێدانی بەهێز دەبێت لە تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانیدا
رابەری باڵای ئێران لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە یەکەم لێدانی بەهێز دەبێت بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی سولەیمانی".

عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایداهاتووە، "شەهیدکردنی سولەیمانی رووداوێکی مێژوویی بوو، رووداوێکی ئاسایی نا، کە مێژوو لە بیریبکات، بەڵکو وەک خاڵێکی درەوشاوە تۆماری کردووە".

راشیگەیاند، سولەیمانی بوو بە پاڵەوانی گەلی ئێران و پاڵەوانی ئوممەتی ئیسلامی، ئەمەش خاڵێکی بنەڕەتییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێرانییەکان شانازی بەخۆیانەوە دەکەن بەوەی پیاوێک لە نێوانیاندا و لە گوندێکی دوورەدەستدا لەدایکدەبێت و هەوڵدەدات و پێدەگات و دەبێتە کەسایەتییەکی درەوشاوە و پاڵەوانی ئوممەتی ئیسلامی.

دەشڵێت، "دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە یەکەم لێدانی بەهێز دەبێت لە تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانیدا".








باسنيوز
Top