لە ئەڵمانیا ئاهەنگەکانی سەری ساڵ قەدەخەکران

لە ئەڵمانیا ئاهەنگەکانی سەری ساڵ قەدەخەکران
بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دوو کاژێر دوای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەچێتە ساڵی نوێوە؛ شەقام و گۆڕەپانەکانی بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە چۆڵن و ئاهەنگگێڕانی بەکۆمەڵیش بۆ سەری ساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە قەدەخەکراون، هەربۆیە هاووڵاتییانی ئەڵمانیا ناچارن لە ماڵەکانیاندا پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەن.

لیا شێلینگ، دانیشتووی بەرلین دەڵێت "من و هاوژینەکەم دوور لە هاوڕێ و دۆستەکانمان لە ماڵەوە دەبین. خواردنێکی خۆش لێدەنێین و دەیخۆین. پێموایە ئەوەش خراپ نییە".

کڕین و بەکارهێنانی یاریی ئاگرین قەدەخەکراوە. هەزاران پۆلیس بە شەقامەکانی بەرلیندا بڵاوکراونەتەوە بۆ سەپاندنی رێکارە تووندەکان.

ئەندین شمێدت، گوتەبێژی پۆلیسی بەرلین رایگەیاند "بۆ ئەمساڵ، کۆبوونەوەی خەڵک لە سەرانسەری شارەکە لە شەو و رۆژی سەری ساڵ قەدەخەکراوە. ئێمە بە هێزی پێویستەوە لە ئەرکدا دەبین بۆ چاودێریکردنی قەدەخەکە. بێگومان سەرنجێکی تایبەت لەسەر کۆنترۆڵکردنی گواستنەوەی نەخۆشی دەبێت. دەمانەوێت لەو ناوچانەی کە یاریی ئاگرین تێیاندا قەدەخەیە، نەهێڵین خەڵک کۆببنەوە و بەکاریان بهێنن".

رێکارە تووندەکانی ئەڵمانیا دوای بەرزبوونەوەی رێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگەیێندران و بڕیارە تاوەکو 10ی کانوونی دووەمی 2021 هەڵنەوەشێنرێنەوە. لە کۆی زیاتر لە ملیۆنێک و 735 هەزار تووشبووی ئەڵمانیا، نزیکەی 34 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top