فەرەنسا 100 هەزار پۆلیس و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەپاندنی رێکارەکان بڵاودەکاتەوە

فەرەنسا 100 هەزار پۆلیس و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەپاندنی رێکارەکان بڵاودەکاتەوە
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت، دەیان هەزار پۆلیس و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکانیان بڵاوەپێکردوون بۆئەوەی رێکارە تووندەکانی حکومەت لە ئەمشەودا بسەپێنن.

جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، حکومەت رێکاری تووندی بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە وڵات راگەیاندووە و بڵاوەپێکردنی دەیان هەزار کەسیش لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەپاندنی ئەو رێکارانە پێویستە.

بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا بۆ سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆ لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە نزیکەی 26 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکران و نزیکەی 300 کەسیش گیانیان لەدەستدا.

بە گوتەی دارمانین سەپاندنی ئەو قەدەخەیە لە کاژێر 20:00ی ئەمشەو تاوەکو کاژێر 06:00ی بەیانیی هەینی 1ی کانوونی دووەمی 2021 بەردەوام دەبێت.

لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانی دەستنیشانکراوی کۆرۆنا، فەرەنسا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی پێنجەمدایە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 620 هەزار تووشبووی تێدا تۆمارکراوە، زیاتر لە 64 هەزار تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top