ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەدەن گەیشتە 135 کوژراو و بریندار

ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەدەن گەیشتە 135 کوژراو و بریندار


وەزارەتی تەندروستیی یەمەن رایگەیاندووە، ژمارەی قوربانییانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەدەن، گەیشتە 135 کوژراو و بریندار، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەکەش هەیە.

قاسم بەحیج، وەزیری تەندروستیی یەمەن، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە (تویتەر) نووسیویەتی، تا ئێستا 25 کە گیانیان لەدەت داوە و 110 کەسی دیکەش، لە کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانە کەوتوونەتەوە”. دەشڵێ: “ئەگەری هەیە ژمارەکە لە هەندێک حاڵەتدا بەرزتریش ببێتەوە”.

دوای هێرشە مووشەکییەکە، وەزارەتی دەرەوەی یەمەن میلیشیای ئنساروڵڵا (حوسییەکان)ی وڵاتەکەی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام حوسیییەکان ئەو تۆمەتەیان رەت کردووەتەوە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەمە 30-12-2020 لەکاتی هاتنەخوارەوەی ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی یەمەن لە فڕۆکەخانی عەدەن، چوار مووشەک لە فڕۆکەخانەکە کەوتنە خوارەوە.

حکوومەتی نوێی یەمەن بە بەشداریی سەبەخۆخوازانی باشووری یەمەن و یەمەن لەچوارچێوەی رێککەوتنی نێوانیان لە ریازی پایتەختی سعودیە، پێک هێنراوە.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.

لە 22-5-1990، هەردوو کۆماری یەمەنی دیموکراتیی میللی (باشوور)، کە سەر بە بەرەی سۆسیالیستیی جیهان بوو و کۆماری عەرەبیی یەمەن (باکوور)، کە سەر بە بەرەی رۆژئاوا بوو، رێککەوتن لەسەر یەکگرتن و ناوی وڵاتە نوێیەکە بووە کۆماری یەمەن.







باسنيوز
Top