تورکیا و پەکەکە ئاماری سەرباز و گەریلا کوژراوەکانیان بۆ ساڵی 2020 بڵاودەکەنەوە
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاندووە، ئەمساڵ 946 سەربازی سوپای تورکیایان کوشتوون، لە بەرامبەردا 227 گەریلایان لەلایەن سوپای تورکیاوە کوژراون.
بە سەرۆکایەتیی خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا و بە بەشداریی ژەنەراڵ یاشار گولەر، سوپاسالاری تورکیا و فەرماندەکانی سوپا، کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی کۆتایی ساڵ بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بە درێژایی ئەمساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا سەرکەوتنی مەزن بەدەستهاتوون. خولوسی ئاکار گوتیشی ''لە قۆناخی نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کە لە 24ی تەممووزی 2015 دەستیپێکرد، تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی کە کوژراون 30 هەزار و 416 تیرۆریست بوون''.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی ئاماژەی بەوەش کردووە ''بە درێژایی ئەمساڵ زیاتر لە 200 ئۆپەراسیۆن لە ناوخۆی وڵات و ئەودیو سنوور ئەنجامدراون، سێ هەزار و 646 تیرۆریست کوژران. ترس شاخەکانی داگرتووە. لە راپۆرتە هەواڵگرییەکاندا دەیبینین کە بەناو ئیدارەی رێکخراوی تیرۆریستی لە ترس و دڵەڕاوکێدان، ناتوانن دوو وشە بڵێن و لە هەمان شوێندا بخەون''.
خولوسی ئاکار باسی لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی فەتحوڵڵا گولەنیش کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو ''لە هەوڵی کودەتا ناپاکەکەی 15ی تەممووزەوە 20 هەزار و 833 کەس لەنێو سوپای تورکیا دەرکراون. رێگەنادەین جلوبەرگی سوپای تورکیا لەبەر هیچ ناپاکێکدا بێت''.
رۆژی 20ی مانگیش، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئاماری چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکە و ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و وشکانییەکانی سوپای تورکیای لە باکوور و باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمساڵ 946 سەربازی سوپای تورکیایان کوشتوون، لە بەرامبەردا 227 گەریلا لەلایەن سوپای تورکیاوە کوژراون.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان، دوو فەرماندەی سەربازیی سوپای عێراق و 24 هاونیشتمانی بوونەتە قوربانی، لەنێویاندا چوار منداڵ و دوو ژن هەن. جەخت لەوەش کراوەتەوە، لە ساڵی 2017وە 173 هاونیشتمانی لە باشووری کوردستان بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە کوژراون.
هەپەگە لە ئامارەکەیدا دەڵێت، ئەمساڵ 393 چالاکیی سەربازییان ئەنجامداوە، زۆرترین چالاکییەکان لە باشووری کوردستان بوون و سوپای تورکیاش 1275 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و 120 هێرشی زەمینیی ئەنجامداون.
rudaw -
