ئەردۆغان: ئەم هەفتەیە رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ بەریتانیا واژۆ دەکەین
لە ساڵی 2019 قەبارەی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان تورکیا و بەریتانیا بە 25,25 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. هاوکات وەزارەتی بازرگانیی بەریتانیاش لە رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هەردوو وڵاتەکە "رێککەوتنێک واژۆ دەکەن کە رەنگدانەوەی تێرمەکانی ئەو بازرگانییە بێت کە ئێستا لەنێوانیاندا هەیە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە ئەنقەرە لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد. رێککەوتنەکە "گرنگترین رێككهوتننامهی بازرگانیمان دهبێت لهدوای رێككهوتننامهی یهكێتیی گومرگی". بە گوتەی ئەردۆغان، لە ساڵی داهاتوو "قۆناخێک دەستپێدەکات کە قازانجی بۆ تورکیا و بەریتانیاش دەبێت".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی هەناردەی تورکیای کرد کە لە "ئاستێکی بەرزدایە"، گوتی، "هەناردەیان لە ساڵی 2020 گەیشتووەتە 166 ملیار دۆلار".
تاوەکو ئێستا بەریتانیا لەگەڵ 62 وڵات رێککەوتنی بازرگانی واژۆکردووە، ئەوەش پێش ئەوەی لە 1ـی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لە یەکێتیی ئەوروپا جیا ببێتەوە.
رێککەوتنی بازرگانیی نێوان تورکیا و بەریتانیا بە گوتەی، لیز تروس، وەزیری بازرگانیی بەریتانیا کە رۆژی یەکشەممە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد "پێنجەم گەورەترین رێککەوتنی بازرگانیی ئەو وڵاتەیە لەدوای ژاپۆن، کەنەدا، سویسرا و نەرویج".
لیز تروس ئاماژەی بەوەشکرد، "رێککەوتنەکە هەزاران هەلی کار بۆ کارگەکانی بەریتانیا دابین دەکات، لەوانە کارگەکانی ئۆتۆمبێل و ئاسن".
لە گوتارەکەیدا سەرۆککۆماری تورکیا باسی دۆخی کۆرۆنا و "پرسی ئازادکردنی سەلاحەددین دەمیرتاشی کرد" لە بارەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، "وەستاندنی خوێندنی ناو پۆل تاوەکو 15ی شوباتی 2021 درێژ دەکرێتەوە و خوێندن هەر بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت".
هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا کۆمەڵێک تۆمەتی خستەپاڵ سەلاحەددین دەمیرتاش رایگەیاند، "بەپێی ئەو سکاڵانامەیەی لە بارەیەوە نووسراوە تۆمەتی کوشتنی 37 کەس، هەوڵی کوشتنی 29 کەس، زیانگەیاندن بە 3777 ماڵ و موڵک، 395 دزی، 15 تاڵانکردن، سووتاندنی 13 ئاڵای تورکیا، هەروەها بەرپرسیاری سەرەکیی برینداربوونی 326 کارمەندی ئاسایش و 435 هاووڵاتیی لەسەرە. هەروەها ئەو کەسە چالاکی و گوتەی هەژمارنەکراوی هەیە کە تێیدا پشتیوانیی لە تیرۆر دەکات".
rudaw -
