ساڵی 2020 چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروستکردووە

ساڵی 2020 چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروستکردووە
نیوەی دووەمی ساڵی 2020، کاتی دەستپێکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی بوو لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی. لە 13ی ئابی 2020 و لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیمارات رایانگەیاند، ئەبوزەبی و تەلئەڤیڤ گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی هەمەلایەن، لە بەرامبەر ئەوەی کە ئیسرائیل لکاندنی بەشەکانی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین رابگرێت.

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 13ی ئاب رایگەیاند "شەرەفمەندم کە رێککەوتنێکی ئاشتی بە فەرمیی لەگەڵ ئیمارات رابگەیێنم". بەوەش ئیمارات بووە سێیەم وڵاتی عەرەبی دوای ئوردن و میسر و یەکەمین وڵاتی کەنداو کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروستبکات.

هەروەها سعودیەش رازی بوو ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو دوو وڵاتانەدا بکاتەوە.

بەڵام فەلەستینییەکان دژی ئەو رێککەوتنە ناڕەزاییان دەربڕی و داوایانکرد کۆتایی بە کۆنترۆڵکردنی ناوچە فەلەستینییەکان بهێنرێت و لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 چارەسەری دامەزراندنی دوو دەوڵەت جێبەجێ بکرێت.

محەممەد ئیشتییە، سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین ئەوکات رایگەیاند "ئێمە دەبینین هەنگاوەکەی ئیمارات پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای کۆدەنگیی عەرەبییە و ئەگەر عەرەب هەڵوێستێکی دیکەی لە بەرامبەر دەستپێشخەریی رێککەوتنی ئاشتیدا هەبێت، با لەنێو ماڵی عەرەبدا واتە لە کۆمکاری عەرەبیدا، دانوستاندنی لەسەر بکرێت و ئێمەش لەسەری رێکبکەوین".

لە 11ی ئەیلوول، ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، بەحرێنیش رازیبووە بە هەمان شێوەی ئیمارات پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات. 15ی ئەیلوول هەردوو وڵاتە عەرەبییەکە لە کۆشکی سپی رێککەوتننامەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆکرد. ئەوەش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ دانرا کە ئەوکات لەگەڵ جۆ بایدن لە کێبڕکێیەکی سەختی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بوو.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی "لە ماوەی 72 ساڵدا تەنیا دوو رێککەوتنیان ئەنجامدابوو، بەڵام ئێمە دوو رێککەوتنمان تەنیا لە یەک مانگدا ئەنجامدان".

لە 23ی تشرینی یەکەم، سوودانیش چووە ریزی ئیمارات و بەحرێن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکرد.

لە 10ی کانوونی یەکەمیشدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە مەغریب و ئیسرائیل لەسەر دەستپێکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوانیان رێککەوتوون. لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەشدا، ئەمریکا دان بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا دەنێت.
rudaw -
Top