لە ئەمریکا لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆدا تووندوتیژیی خێزانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە

لە ئەمریکا لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆدا تووندوتیژیی خێزانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە
زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزی دایەوە ئەو دەنگانەی کە پێیانوایە دەبێت کۆنگرێسی ئەمریکا کاری زیاتر بکات بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان.

لە سەرەتای ئاداری 2020دا کۆرۆنا بە شێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوبووەوە. هەربۆیە لە 16ی ئاداردا ژمارەیەک لە ویلایەتەکان بڕیاری داخستنی بازاڕەکان و شوێنی دیکەی کاریان دا، ئەوەش بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەی ئەو چەند هەفتەیەی داخستنی بازاڕ و شوێنەکانی دیکەی کاردا تووندوتیژیی خێزانی لە زۆربەی شوێنەکانی ئەمریکا بەرزبووەوە. بۆ نموونە، لەنێوان 16ی ئادار و 16ی ئایاردا تووندوتیژیی خێزانی لە سەرانسەری ئەمریکا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 9% زیادیکرد.

ئەگەر بێتو ویلایەتەکانیش بە جیا وەربگیرێن، ئەوا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕدرێت. بۆ نموونە، تووندوتیژیی خێزانی لە ئاداری 2020 بەراورد بە ئاداری 2019 لە نیویۆرک بە رێژەی 10%، لە تەکساس بە رێژەی 18%، لە ئۆریگن بە رێژەی 22% زیادیکردووە.

زیادبوونی تووندوتیژیی خێزانی لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و مانەوەی هاوژینەکان لە ماڵەوە وایکردووە ژمارەیەک لە رێکخراوەکان داوابکەن کۆنگرێس رۆڵێکی کاراتر لە نەهێشتنی ئەو دیاردەیەدا بگێڕێت.

کرستن ستیورت، بەرپرسی سیاسەتی گشتی لە رێکخراوی "داهاتووی بێ تووندوتیژی" دەڵێت، تووندوتیژیی خێزانی لە سەردەمی کۆرۆنادا جیدییەتی کێشەکەی دەرخست، ئومێدیشی خواست ئامانجێکی سەرەکیی کۆنگرێس کارکردن بێت بۆئەوەی رێگەنەدات چیدیکە ژنان لەلایەن پیاوانەوە بچەوسێندرێنەوە و ئازار بدرێن.

ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسیش پاڵپشتی لە داوای چالاکڤانەکانی ئەو بوارە دەکەن. کاسرین کلارک، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، پەتای کۆرۆنا ئەو نایەکسانییەی دەرخست کە پێشتر هەبوو، داوایشی لە کۆمارییەکان کرد لەو بوارەوە یارمەتیدەربن.

پێشتریش نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، تووندوتیژیی خێزانی بەهۆی رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا لە جیهاندا زیادیکردووە.
rudaw -
Top