نەتەوە یەکگرتووەکان: لێبوردنی ترەمپ لە چوار پاسەوانەکەی بلاکوۆتەر خۆدزینەوەیە لە سزا
مارتا هارتادۆ، گوتەبێژی نووسینگەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لێخۆشبوون لەو چوار پاسەوانە بە "خۆدزینەوە لە سزا هەژماردەکرێت و دەتوانێت خەڵکانی دیکەش هانبدات لە داهاتوودا تاوانی هاوشێوە ئەنجامبدەن".
چوار پاسەوانەکە لە ساڵی 2007 لەکاتی تێپەڕبوونیان بەنێو قەرەباڵخیی ئۆتۆمبێلەکان لە گۆڕەپانی مەنسووری بەغدا دەستیان بە تەقەکردن کرد و 14 هاووڵاتیی عێراقیان کوشت بە پاساوی ئەوەی وایان زانیوە هێرشیان دەکرێتەسەر.
یەکێک لەو چوار پاسەوانە بە 30 ساڵ و ئەوانی دیکەش بە 12، 14 و 15 ساڵ بەندکردن سزادران، بەڵام رۆژی سێشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2020 دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بڕیاری لێبوردنی بۆ چوار پاسەوانەکە دەرکردووە بە بیانووی ئەوەی "هەریەکەیان مێژوویەکی دوورودرێژی هەبووە لە خزمەتکردنی وڵاتدا" و ئازادکردنیان "رەنگدانەوەی خواستی بەشێکی زۆری رای گشتیی ئەمریکایە".
ئەو بڕیارەی ترەمپ کاردانەوەی تووندی شەقامی عێراقیشی لێکەوتەوە و کەسوکاری قوربانیان بە بێڕێزیکردن بە خوێنی عێراقییەکان ناویانبرد. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش سەرکۆنەی بڕیارەکەی ترەمپی کرد و دژی بەها و یاساکانی مافی مرۆڤ ناویبرد.
بلاکوۆتەر کۆمپانیایەکی ئەمنیی کەرتی تایبەتی ئەمریکییە، سوپای ئەمریکا گرێبەستێکی لەگەڵ کردبوو بۆ پاراستنی دیپلۆماتکارەکانی لە عێراق.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپ و برای وەزیری پەروەردەی ئیدارەکەیەتی.
rudaw -
