سعودیە داوای پارێزبەندیی یاسایی بۆ محەمەد بن سەلمان لە ئەمریکا دەکات

سعودیە داوای پارێزبەندیی یاسایی بۆ محەمەد بن سەلمان لە ئەمریکا دەکات


شانشینی عەرەبستانی سعودیە داوا لە ئەمریکا دەکات، پارێزبەندیی یاسایی (حەسانە) بە شازادەی جێنشینی وڵاتەکەی بدات.

رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، سعودیە داوای لە ئەمریکا کردووە حەسانە بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی وڵاتەکەی لە دژی سکاڵایەکی سەعد جابری، بەرپرسی هەڵاتووی پێشووی دژەتیرۆری سعودی بدات.

رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، کە حکوومەتی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەبارەی داواکەی سعودیە دەکات، بەڵام بەهۆی گۆڕانی ئیدارەی ئەمریکا و هاتنە سەرکاری جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێ، تا ئێستا وەڵامی داواکەی سعودیە نەدراوەتەوە.

هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سەعد جابری بە هاوپەیمان ناوبردووە و رایگەیاندووە، خزمەتێکی زۆری هەواڵگریی ئەمریکای کردووە، بۆیە نایەوێ نە جابری لەدەست بدات، نە بن سەلمان.

سەعد جابری، کە دوای هاتنە سەرکاری محەمەد بن سەلمان وەک شازادەی جێنشین، سعودیەی بەجێ هێشت و ئێستا لە کەنەدا دەژی، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەو و کوشتنی جەمال خاشقچیی نووسەری سعودی لە کونسولخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، لە ئەمریکا سکاڵای لەسەر محەمەد بن سەلمان تۆمار کردووە.

ئەگەر حکوومەتی ئەمریکا داواکەی سعودیە پەسەند بکات، ئەوا محەمەد بن سەلمان هەموو تۆمەتەکانی لەسەر لادەچن و جابری ناتوانێ بیداتە دادگا.




باسنيوز
Top