کۆرۆنا.. جیهان بەڕووی بەریتانیادا دادەخرێت
هەریەکە لە هۆڵەندا و بەلجیکا گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ بەریتانیا هەڵپەساردوون، ئیتاڵیاش بەنیازی گرتنەبەری هەمان رێکارە. هاوکات بەلجیکا جگە لە هەڵپەساردنی گەشتی ئاسمانی لەگەڵ بەریتانیا، گەشتکردنی بە شەمەندەفەریش لەو وڵاتەوە هەڵپەساردووە.
پێشبینی دەکرێت ئێرلاند لە نیوەشەوی ئەمشەوەوە گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ بەریتانیا سنووردار بکات، فەرەنسا و ئەڵمانیاش لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە تاوتوێی گرتنەبەری هەمان جۆری رێکار دەکەن.
ئەو ڤایرۆسە نوێیەی لە بڵاوبووەتەوە لە لەندەن و باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بە خێرایی بڵاوبووەتەوە.
نزیکەی هەفتەیەکە جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە و بەشێک لە پزیشکان پێیانوایە رەنگە ڤاکسینە نوێیەکانیش نەتوانن لەناوی ببەن، رۆژی شەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2020 بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕیاریدا جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ درێژبکاتەوە، ئەویش بە چوار قۆناخی جیاواز دەبێت.
بەرپرسانی تەندروستیی ئەو ولاتە دەڵێن، هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئەم جۆرە لە ڤایرۆس کوشندەتر بێت یاخود مامەڵەی بەرامبەر ڤاکسینەکان جیاواز بێت، بەڵام ئەوە سەلماوە کە ئەگەری گواستنەوەی 70% زیاترە.
کام وڵات رێکاری گرتووەتەبەر و چۆن رێکارەکانیان گرتووەتەبەر؟
لە ماوەی چەند کاژێری سەرەتای راگەیاندنی ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا لەلایەن بەریتانیاوە، هۆڵەندا رایگەیاند، تاوەکو 1ی کانوونی دووەمی 2021 قەدەخەی هاتنی هەموو گەشتیارێک دەکات لەو وڵاتەوە.
سەرەڕای قەدەخەی تووندی هاتووچۆ و رێکارە تووندەکانی کە لە 14ی کانوونی یەکەمەوە گرتوونیەتەبەر، لە بەریتانیا ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی کانوونی دووەم زیاتر لە 13 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون.
بەلجیکا کە لە ئەمشەوەوە گەشتی ئاسمانی و شەمەندەفەر لە بەریتانیاوە هەڵدەپەسێرێت، ئەلیکساندەر دوکرۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەڵێت، هەڵپەساردنەکە لانیکەم بۆ ماوەی 24 کاژێر دەبێت و "ئەگەر دواتر بە پێویستمان زانی رێوشوێنی دیکە دەگرینەبەر".
لویگی دی مایۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە فەیسبووکی خۆی ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی وڵاتەکەی خەریکی گرتنەبەری رێوشوێنە بۆ هەڵپەساردنی گەشتی ئاسمانی لە بەریتانیاوە.
لە ئێرلاند، گفتوگۆی بەپەلە لەوبارەیەوە کراوە و ستیڤن دۆنەلی، وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە گوتوویەتی، پێشبینی دەکات بڕیارێک بدەن لەبارەی گەشتەکان لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکەیان. مارتینا فیتز، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیاش دەڵێت، وڵاتەکەی بەنیازە بژارەی سنووردارکردنی گەشت لەگەڵ بەریتانیا بگرێتەبەر، پلانەکانیش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەن.
میدیاکانی فەرەنساش دەڵێن، حکومەتی ئەو وڵاتە "بە جیددی" تاوتوێی هەڵپەساردنی گەشتی ئاسمانی و شەمەندەفەر لە بەریتانیاوە دەکات و حکومەت "چاوەڕێی هاوئاهەنگیی وڵاتانی ئەوروپییە".
ئارانچا گۆنزالیز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئەوەی خستووەتەڕوو، وڵاتەکەی خوازیاری بڕیارێکی هاوئاهەنگیی یەکێتیی ئەوروپایە لەسەر ئەو پرسە.
بەپێی میدیاکانی نەمساش، ئەو وڵاتە پلانی هەڵپەساردن و قەدەخەکردنی گەشتی ئاسمانیی هەیە لە بەریتانیاوە.
ڤایرۆسە نوێیەکە
لە بەریتانیا، ڤایرۆسەکە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا ناسێنرا، ئەوەش لەڕێگەی سامپڵێکەوە کە لە مانگی ئەیلوول وەرگیرابوو.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، هەمان ئەو گۆڕانکارییانە لە وڵاتانی هۆڵەندا، دانیمارک و ئوسترالیا بینراون، بەڵام ژمارەی تووشبووەکان لەو وڵاتانە لە مانگی ئەیلوولدا کەم بوون، بەشێوەیەک لە دانیمارک نۆ تووشبوو و لە هەریەکە لە دوو وڵاتەکەی دیکەش یەک تووشبوو تۆمارکراون.
ڤایرۆسە نوێیەکە لە ڤایرۆسەکەی پێشوو خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گۆڕانکارییە جینییەکانی و چۆنێتی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر کۆڤید 19 بە ناڕوونی ماونەتەوە.
rudaw -
