ئیتاڵییەكان توركیا بە مەترسی بۆ سەر جیهان دەزانن

ئیتاڵییەكان توركیا بە مەترسی بۆ سەر جیهان دەزانن
بۆ یەكەمجارە هاوشانی ئێران و چین، ئیتاڵییەكان پێیانوایە توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی مەترسییە بۆ سەر جیهان. ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر توركیا هیچ كاتێك بەلای هاووڵاتیی ئیتاڵیاوە جێگەی مەترسی نەبووە.

(ئەنیستیتۆی لێكۆڵینەوەی سیاسیی نێودەوڵەتی)، كە لەڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە بە یەكێك لە دامەزراوە هەر بەناوبانگەكانی ئیتاڵیا دادەنرێت لە راپرسییەكدا لەبارەی كێن ئەو وڵاتانەی مەترسین بۆ سەر جیهان، لە ئەنجامدا دەركەوتووە توركیاش جێگەی مەترسییە.

لە پرسیاری راپرسییەكەدا هاتووە "كام وڵات مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر جیهان؟"، ئیتاڵییەكان ٢٧٪یان پێیانوایە چین مەترسییە بۆ سەر جیهان و، ١٥٪ ئیران و بۆ یەكەمجاریشە توركیا لە ریزبەندیی سێیەم دێت بە ١٤٪.

هەمان ئەنیستیتۆ لە ساڵی ٢٠١٨ هەمان پرسیاری لە هاووڵاتیانی ئیتاڵیا كردووە، ٣٪ی پێیان وابووە توركیا مەترسییە بۆ سەر جیهان و لە ٢٠١٩ش ٨٪ی هاووڵاتیان توركیایان پێ مەترسی بووە.

لە ئەمساڵدا توركیا پێش كۆریای باكوور كەوتووەتەوە لای گەلی ئیتاڵیا، چونكە ١٢٪ هاووڵاتیانی ئیتاڵیا پێیان وایە كۆریا مەترسییە بۆ سەر جیهان.

پائولۆ مارگی سەرۆكی (ئەنیستیتۆی لێكۆڵینەوەی سیاسیی نێودەوڵەتی)، لە دیمانەیەكیدا بۆ تەلەفزیۆنی (Ria)ی ئیتاڵی، ئاماژەی بەوە داوە توركیا ئێستا وەكوو ئێران مەترسییە بۆ سەر جیهان، ئەمەش پێمان دەڵێت توركیا بە رێگەیەكی خراپدا دەڕوات.

پائۆلۆ گوتوویەتی "لەبارەی توركیاوە ئەوەی مایەی مەترسییە، دادگا بێلایەن نییە و بە بوارێكی زۆر خراپدا دەڕوات. توركیا لە دەریای سپی كێشەی لەگەڵ یۆنان و فەڕەنسا هەیە، لە لوبنان بە هەمان شێوە دەستێوەردانی كرد و لە قەرەباغیش بە ئاشكرا لایەنگری لە ئازەربایجان كرد".












باسنيوز



Top