پۆمبیۆ هۆشداریی دەداتە سەرۆکی نوێی ئەمریکا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئێرانەوە هۆشداریی دەداتە سەرۆکی نوێی وڵاتەکەی.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (FOX NEWS)ی وڵاتەکەی، رەخنەی لە سیاسەتەکانی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی، کە جۆ بایدنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا جێگری بوو، لە بەرامبەر ئێران گرت.
مایک پۆمپیۆ پێیوایە ئیدارەی ئەمریکا لە سەردەمی باراک ئۆباما و جۆ بایدن، بەردەوام هەوڵی رازیکردنی ئێرانی دەدا و رێگری لە کارە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، نەکرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، ئیدارەی ئۆباما پشتی لە ئیسرائیلی ”هاوپەیمانی راستەقینە“ی ئەمریکا کرد و پاڵپشتیی ئاشتیی راستەقینەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکرد.
بڕیارە جۆ بایدن رۆژی 20-1-2021 وەک سەرۆکی نویی ئەمریکا دەست بەکار بێت.
مایک پۆمپیۆ هۆشداریی داوەتە جۆ بایدن لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران و رایگەیاندووە، بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە و وەکو سەردەمی پەسەندکردنی رێککەوتننامەی ناوکی نییە.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
