پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێی هاوبەشی باشوور و باکووری یەمەن رادەگەیەنرێت

پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێی هاوبەشی باشوور و باکووری یەمەن رادەگەیەنرێت

سەرۆکی یەمەن پێکهێنرانی حکوومەتێکی هاوبەشی باکوور و باشووری وڵاتەکەی، رادەگەیەنێت.

عربد رەبە مەنسوڕ، سەرۆکی یەمەن بەپێی بڕیاری ژمارە 7ـی کۆماری لە ساڵی 2020، رایگەیاندووە، حکوومەتە نوێیەکە بەپێی رێککەوتنی ریاز پێکهێنراوە و موعین عەبدولمەلیک سەرۆکایەتی دەکات.

عەبد رەبە مەنسوڕ هەروەها رایگەیاندووە، حکوومەتە نوێیەکەی یەمەن لە 24 وەزارەت پێک دێت، کە 12 وەزارەتی بۆ نوێنەرانی باشوور و 12 وەزارەتیش بۆ نوێنەرانی باکووری وڵاتەکەی، دەبێت.

پێشتر لە 5-11-2019 و بەپێی رێککەوتنێک، کە بە سەرپەرشتیی سعودیە لە ریاز بەسترا، ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن لەگەڵ حکوومەتی یەمەن رێککەوت لەسەر یەکخستنەوەی وڵاتەکە و پێکهێنانی حکوومەتی یەکگرتووی یەمەن.

بەهۆی پابەند نەبوونی حکوومەتی یەمەن بە پێدانی مافەکانی گەلی باشووری یەمەن، شەوی 25-4-2020، لە بەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن باری لەناکاوی لە پارێزگاکانی باشووری وڵات و حوکمی خۆڕێبەریی باشووری یەمەنی راگەیاند.

لە 22-5-1990، هەردوو کۆماری یەمەنی دیموکراتیی میللی (باشوور)، کە سەر بە بەرەی سۆسیالیستیی جیهان بوو و کۆماری عەرەبیی یەمەن (باکوور)، کە سەر بە بەرەی رۆژئاوا بوو، رێککەوتن لەسەر یەکگرتن و ناوی وڵاتە نوێیەکە بووە کۆماری یەمەن.









باسنيوز
Top