رووسیا بۆ یەکەمجار پاش رووخانی یەکێتیی سۆڤیێت فڕۆکەیەک بە بزوێنەرێکی نوێی نێوخۆیی دەفڕێنێت

رووسیا بۆ یەکەمجار پاش رووخانی یەکێتیی سۆڤیێت فڕۆکەیەک بە بزوێنەرێکی نوێی نێوخۆیی دەفڕێنێت
رووسیا فڕۆکەیەکی نوێی نەفەرهەڵگری هەڵدا کە بزوێنەرەکانی ناوخۆیین و لەدوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیێتەوە ئەوە یەکەمجارە کە خۆی بزوێنەر دروست بکات و دەبێتە بووژاندنەوەی پیشەسازیی فڕۆکەی شارستانی بۆ ئەوەی رکابەریی بۆینگ و ئێربەس بکات.

فڕۆکەکە قەبارە مامناوەندیی جۆری "MC-21"ـە و لە گۆڕەپانێکی سیبریادا فڕیوە و پانکەی بزوێنەری جۆری "PD-14"ی هەیە. ئەو فڕۆکەیە یەکەمجار لە مانگی ئایاری 2017دا فڕی بوو، بەڵام ئەو کات بزوێنەرەکەی ئەمریکی بوو.

"MC-21" لەلایەن کۆمپانیای ئیرکووتەوە دروست کراوە کە بەشێکە لە کۆمپانیای یەکێتیی فڕۆکەسازی (UAC) و بزوێنەرەکانی لەلایەن کۆمپانیای یەکێتیی بزوێنەرسازییەوە دروست کراوە، هەموویشیان لەلایەن رۆستێکەوە خاوەندارێتییان دەکرێت.

کۆمپانیای یەکێتیی فڕۆکەسازی گوتوویەتی فڕۆکەکە لە یەکەم گەشتیدا کۆمەڵیک تاقیکردنەوەی لەسەر کراوە کە کاژێرێک و 25 خولەکی خایاندووە.

یەکێتیی سۆڤیێت دروستکەرێکی سەرەکیی فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بوو کە بە شێوەیەکی فراوان لەنێوخۆی یەکێتییەکە و وڵاتانی هاوپەیمانیدا بەکاردەهێنران. بەڵام دوای رووخانی شۆعیەت، کۆمپانیا فڕۆکەوانییە نیوخۆییەکان شوێنی خۆیان بۆ بۆینگ و ئێربەس چۆڵ کرد.

کرێملین هەوڵیداوە وابکات رووسیا کەمتر پشت بە هاوردەی رۆژئاوا ببەستێت، بەتایبەتی لە ساڵی 2014وە کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی دەستتێوەردانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا هەندێک سزای ئابوورییان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

مۆسکۆ بەرنامەی دانابوو ساڵی 2019 فڕۆکەی "MC-21" بگەیێنێتە دەستی کڕیاران، بەڵام ئەو رێکەوتە دواخرا. کۆمپانیای رۆستێک دەڵێت، ئابڵووقەکەی ئەمریکا کۆمپانیا پیشەسازییەکان ی ناچار کرد کەرەستە ئاوێتەکانی پێکهێنەری باڵەکانی فڕۆکەکە بگۆڕن بە کەرەستەی هاوشێوەی دەستکاری رووسی. چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ساڵی داهاتوو بۆ یەکەمجار فڕۆکەکە رادەست بکرێت.

دوو جۆر دەستکاری لە فڕۆکەکەدا دەکرێت کە یەکێکیان ئەوەیە وای لێبکرێت لە جیاتی 130 کەس 211 کەس بگرێت کە بزوێنەرەکانی لە جۆری "Pratt & Whitney PW1400G-JM"ـی ئەمریکی بن و، ئەوی دیکەیشیان ئەوەیە کە بزوێنەرەکانی لە جۆری "PD-14" بن.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە داوە کە تاوەکو ئێستا 175 فڕۆکەیان لێ داواکراوە و، هەوەها حکومەتیش داوای 50 فڕۆکەی ئێرۆفلۆتی لێکردوون، بەڵام ئەوەی نەخستووەتەڕوو کە چەند لەو فڕۆکانە بزوێنەرەکانیان رووسی دەبن.
rudaw -
Top