ئێران و توركیا هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەدەن

ئێران و توركیا هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەدەن


دوای ئەوەی سەرکۆماری تورکیا لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان شیعرێكی خوێندەوە و و ئەو شیعرەش دەسەڵاتدارانی ئێرانی تووڕە كرد، بە توندی وەڵامی توركیا درایەوە، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی توركیا بە فەرمی هاتە سەر هێڵ و تووڕەیی ئێرانی كەم كردەوە و هەردوولا لە هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکەدان.

میدیاکانی تورکیا لەمبارەوە بڵاویان کردووەتەوە، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی باڵوێزخانەی ئێران لە ئەنقەرە لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەڕێگەی پەیوەندییەكی تەلۆفۆنییەوە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی، گوتوویەتی بە هەڵە لە شیعرەكە تێگەیشتوون و مەبەستی سەركۆماری توركیا داگیركردنی خاكی ئێران نەبووە.

هاوکات باس لەوەش كراوە، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات بەهێز دەكرێت و پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە.

دوای ئەوەی سیاسەتمەدارانی ئێران و بەتایبەتی محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەو لێدوانەی ئەردۆغانی بە دەستێوەردان لە کاروباری ئێران وەسف کرد و چەند بەرپرسێکی دیکەش بە توندی دژی ئەردۆغان قسەیان كرد، بۆیە عومەر چەلیك گوتەبێژی ئاكەپە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "بە توندی ئیدانەی ئەو لێدوانە پیسانەی سیاسییە ئیرانییەكان لەدژی ئەردۆغان دەکەین".

چەلیك باسی لەوەش كردووە توركیا و ئێران پەیوەندییەكانیان لە رۆژە سەختەكاندا خۆش بووە، بۆیە ناكرێت ئەو پەیوەندییە تێك بدرێن.

ئەردۆغان لە کاتی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی سەركەوتنی شەڕ بەسەر ئەرمینیا لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان، شیعرێكی خوێندەوە و لە شیعرەكەدا باسی لە یەكگرتنەوەی خاكی ئازەربایجانی ئێران و وڵاتی ئازەربایجانی كرد و گوتی سەركەوتن بەسەر ئەو رۆژەش رادەگەیەنین و ئەمەش ئێرانی تووڕە كرد و ئەردۆغان لە میدیاكانی ئێران ڕەخنەباران كرا.









باسنيوز
Top