بۆ یەکەمجار ئاو لە بۆرسەی واڵ ستریت هاوشێوەی نەوت و زێڕ مامەڵەی پێوە کرا

بۆ یەکەمجار ئاو لە بۆرسەی واڵ ستریت هاوشێوەی نەوت و زێڕ مامەڵەی پێوە کرا
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئاو لە بۆرسەی واڵ ستریت هاوشێوەی نەوت و زێر مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش دوای دروستبوونی ترس و دڵڕاوکێ لەوەی ئەو سەرچاوە سرووشتییە بەشی بەجێهێنانی پێداویستییەکانی خەڵک لە جیهاندا نەکات.

لە کالیفۆرنیا جووتیار، سەرمایەدار و بگرە شارەوانییەکانیش لە ئێستاوە گرەو لەسەر دابینکردنی ئاو دەکەن. کڕینی گرێبەستی ئاو لە بۆرسەکانی ویلایەتەکەدا جمەی دێت. کالیفۆرنیا لە ئەمریکا گەورەترین مارکێتی کشتوکاڵیی هەیە و لە جیهانیشدا پێنجەمە.

کۆمپانیای "CME Group" بۆ بازرگانیی جیهانی لە گرێبەستی مانگی کانوونی دووەمی 2021ـدا بایی ملیارێک و 100 ملیۆن دۆلار ئاوی کڕیوە. رۆژی دووشەممە هەر 12 هەزار مەتر دووجایەک بە 496 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

یەکەمجارە گرێبەستی وا لە ئەمریکا بکرێت. یەکەم گرێبەستیش لە مانگی ئەیلوول واژۆ کرا، ئەوەش دوای ئەوەی دارستانە چڕوپڕەکان بە هۆکاری جیا گڕیان گرت و قەیرانی وشکەساڵییان لە رۆژئاوای ئەمریکا سەختتر کرد.

ئەو گرێبەستانە خزمەت بەو جووتیارانە دەکەن کە بەرهەمی دانەوێڵە دەدوورنەوە، لەگەڵ ئەو سێکتەرانەی کە لەسەر خزمەتگوزاریی کارەبا بەڕێوەدەچن.

دین درەی، بەڕێوەبەری ئیداری سەرمایەداری کۆمپانیای "RBC" و شیکەرەوەی ئابووری دەڵێت: "گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، گەشەی دانیشتووان، پیسبوونی ژینگە پێویستی خەڵک بە ئاو و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە چەند ساڵی داهاتوودا دەکەنە بابەتێکی گەرم."

ئەو شیکەرەوە ئابوورییە زۆر بە تمانەوە دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا دەبینین گرێبەستی کڕینی ئاو چۆن سەرهەڵدەدەن."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێکە لەبارەی گەشەسەندنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەواوە هۆشداری دەدات و گوتوویەتی کە دەبێتە هۆکاری وشکەساڵییەکی توند و لافاوی زۆر کە سەرەنجام دۆخی ئاو لە جیهاندا بە ناجێگیری دەهێڵێتەوە.

لە کالیفۆرنیا لە کانوونی یەکەمی 2011دا سەخخترین وشکەساڵی سەری هەڵدا، تاوەکو ئاداری 2019 مایەوە. چاودێری وشکەساڵیی ئەمریکا دەڵێت، لەنێو ئەو ساڵانەدا تەمووزی 2014 سەخخترین وشکەساڵیی بە خۆیەوە بینی کە 58٪ـی خاکی ئەمریکای گرتەوە، سەوزایی باخچە و زەویوزاری خەڵکی وشک کرد.

بۆرسەی ئاوی ناسداک ڤیلیس لە کالیفۆرنیا دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ مەبەستی دیاریکردنی نرخی ئاو دامەزرێندرا. گرێبەستەکانی کانوونی دووەمی 2021 کە لە بۆرسەکەیاندا دەرکەوتن دوو بازرگانییان پێوە کرا.

کۆمپانیای راوێژکاریی "West Water Research" گرێبەستەکانی بە ئۆنلاین کڕیوە. کلای لاندری، بەڕێوەبەری ئیداریی کۆمپانیاکە دەڵێت: "ئێمە خۆشحاڵین کە گرێبەستەکانمان کڕیون."

کلای دەڵێت: "لە بازاڕی بەرجەستەدا زۆر قورسە بتوانیت گرێبەستێک بکەیت، بەڵام ئەمە بۆ من وەکو هەورەتریشقە خێرایە."

لە کالیفۆرنیا لەمەودوا هەفتانە نرخی ئاو لە بۆرسەکاندا دیاری دەکرێت، نرخەکانیان لە پێنج سەنتەری بازرگانی لە ویلایەتەکە مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

تیم مککۆرت، شیکەرەوەی ئابووری دەڵێت، ئێستا لە جیهاندا دوو ملیۆن کەس بەهۆی قەیرانی ئاوەوە تووشی کێشە هاتوون. دوو لەسەر سێی جیهانیش لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا دوچاری قەیرانی ئاو دەبنەوە.

پاتریک وۆڵد دەڵێت، ئێستا لە کالیفۆرنیا وای لێهاتووە ئەگەر جووتیارێک بیەوێت بزانێت نرخی ئاو دوای 6 مانگی دی چی بەسەر دێت، دەبێت تەنیا پێشبینی بکات.
rudaw -
Top