چ کەسێک ئەگەری تووشبوونی بە قورسی یاخود مردنی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە؟

چ کەسێک ئەگەری تووشبوونی بە قورسی یاخود مردنی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە؟
کۆرۆنا ڤایرۆسێکی گوازراوەیە و هێرش دەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە و هەڕەشە لە تەندروستیی مرۆڤ دەکات. هەندێک کەس بە سووکی و هەندێکی دیکەش بە قورسی تووشی دەبن. دۆخی هەندێک کەسیش ئەوەندە ناجێگیر دەکات تا دەگاتە ئاستی مردن.

بەڵام زۆر جار لە کۆمەڵگەدا بینراوە لەنێو یەک خێزاندا چەندین کەس بە کۆرۆنا مردوون لە کاتێکدا لەوانەیە ئەندامی ئەو خێزانانە تەمەنیان ئەوەندە گەورە نەبووبێت. یاخود پرسیار لەوە دەکرێت بۆچی بڕێک کەس بە قورسی دەیگرن و لەوانەیە بمرن لە کاتێکدا بە سووکی بەسەر هەندێک کەسدا تێدەپەڕێت.

زانکۆی ئێدنبرە لە بەریتانیا بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە، لە 208 یەکەی چاودێریی چڕ نموونەی "دی ئێن ئەی"ـی لە 2700 نەخۆش وەرگرتووە.

ئەو نەخۆشانەی لەوێ خەوێنرابوون بە قورسی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 22٪شیان بە ڤایرۆسەکە مردن، 74٪یان توانای هەناسەدانیان نەبووە و بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەناسەیان داوە.

جینی دی ئێن ئەیی ئەو نەخۆشانە لەگەڵ جینی 100 هەزار بەریتانیی تەندروستدا بەراوردکراوە، دوابەدوای بەراوکردن دەرکەوتووە 5 جۆری جین لە زۆرترین ئەو کەسانەن کە بە قورسی تووشی کۆرۆنا دەبن و هەندێکیشیان دەمرن.

ئەو توێژینەوەیە لەوانەیە یارمەتیی پزیشکان و زانایان بدات بە گەوێری جۆری جینەکان داوودەرمان دابینبکەن و رێگری لە تووشبوونێکی هاوشێوە بکەن.

لێکۆڵەران پێنج جۆر جینیان لەنێو بۆهێڵەکان یاخود دەنکۆڵە بۆماوەییەکاندا دۆزیونەتەوە کە هەریەکەیان کەوتووەتە نێو کرۆمۆسۆمێک و فەرمانێکی تایبەتی هەیە.

ئەو جینانە لەنێو دوو گرووپدا خۆیان دەبیننەوە: یان دژەهەوککردنن یان دژەڤایرۆسن.

لەو جینانەی کەوتوونەتە نێو گرووپی یەکەم، دووانیان لەنێو کرۆمۆسۆمی 19دا دەدۆزرێنەوە کە بە TYK2 و DPP9 ناودەبرێن، بەرپرسن لە رووبەڕووبوونەوەی هەوککردنی جەستە.

یەکیان بە ناوی IFNAR2 لەنێو کرۆمۆسۆمی 21ـەمدا دەدۆزرێتەوە، یەکێکیان لەنێو کرۆمۆسۆمی 4ەمدایە کە پێی دەڵێن CCR2، یەکێکیشیان لەنێو کرۆمۆسۆمی دووانزەیەمدایە ئەویش پێیدەگوترێت OAS1، ئەو سێیەی کۆتایی بەرپرسن لە رێگریکردن لە چەندهێندەبوونی ڤایرۆسەکان، واتا دژەڤایرۆسن.

ئەو نەخۆشانەی بەقورسی توشی کۆرۆنا بوون یاخود گیانیان لەدەستداوە، یەکێک لەو پێنج جینانە بە ناڕێکی کاریکردووەو بووەتەوە هۆی درووستکردنی دژەتەنی زیاد لە پێویست یاخود هەوککردنێکی زۆر کەبووەتە هۆی هەناسەتوندی یاخود خنکانی توشبوو.

ئەو کەسانەی جینی TYK2 زۆر بەرهەم دەهێنن، ئەگەری مردنیان بە کۆرۆنا لە هەموویان زیاترە، چونکە دەرکەوتووە سییەکانیان تووشی هەوککردنێکی زۆرهاتووە.

TYK2 ئەنزیمێک دروست دەکات، ئەگەر بەرهەمهاتنی ئەو ئەنزیمە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، ئەوا هەوکردنێکی ناسرووشتی روودەدات کە لەوانەیە دژەتەنەکان هێرش بکەنەوە سەرجەستەی مرۆڤ و مەترسی لەسەر تەندروستیی دروست بکەن.

بە زانینی مەترسیی ئەو پێنج جینە، توانراوە چارەسەر بدزۆرێتەوە، لەوانە دەرمانەکانی "Remdesivir" یاخود "Baricitinib" کە بە دوو دەرمانی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردن بە کۆرۆنا دەستنیشان کراون.

لە دواییەکانی 2019دا یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە شار ووهان لە چین دەستنیشان کرا، لە 31ـی کانوونی دووەمی 2020مدا یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە بەریتانیا، رووسیا و سوێد و ئیسپانیا لەگەڵ چوار تووشبووی دیکە لە کەنەدا تۆمارکران.

هەر لە هەمان رۆژدا ئەمریکا بڕیاری دا ئەوانەی لە چینەوە دەچنە ئەو وڵاتە 14 رۆژ کەرەنتین بکرێن، ئەوانەشی لە شاری ووهانەوە دەچن کەرەنتینکردنیان ناچارییە.

لە 30ـی کانوونی دووەم ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن تەندروستیی جیهانییەوە بە پەتایەکی جیهانگرەوە ناسێنرا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی تەندروستیی نیشتیمانیی چین، 80٪ی ئەوانەی بە کۆرۆنا دەمرن تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییەوەیە، 75٪ـیان نەخۆشیی دڵ و شەکرەیان هەیە.
rudaw -
Top