دەزگای دادوەریی ئێران میدیاکارێکی ناسراوی لە سێدارە دا
بەشی ڕاگەیاندنی دادگای شۆڕشی تاران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی١٢ی٢٠٢٠ حوکمی سێدارەی ڕۆحوڵڵا زەم بەڕێوەبەری میدیای (ئامەدنیوز) کە یەکێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە، جێبەجێ کراوە.
هەر لەمبارەوە سێشەمەی هەفتەی پێشوو گوتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران ئاشکرای کرد کە حوکمی سێدارەی ڕوحوڵڵا زەم چالاکوانی سیاسی و بەڕێوەبەری کەناڵی تەلەگرامی "ئامەدنیوز" لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کراوە.
ڕۆحوڵڵا زەم، کوڕی محەمەدعەلی زەم یەکێک لە مەلا و کەسایەتییە ئایینییەکانی ئێران لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا لەڕێگەی چەند ماڵپەڕ و تۆڕێکی کۆمەڵایەتییەوە بە سەدان بەڵگە و دیکیۆمێنتی لەبارەی گەندەڵیی ئابووری و پیشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران و دامودەزگا حکوومەتییەکان بڵاو کردەوە.
ئەو چالاکوانە سیاسییە پاییزی ساڵی پار لە سەفەرێکدا بۆ بەغدا دەستگیر کرا و پاشان ڕادەستی ئێران کرایەوە و پاش چەندین جار دادگاییکردن و بڵاوبوونەوەی دانپێدانان لە تەلەفزیۆنی ئێران، بە تۆمەتی "دژایەتی لەگەڵ خودا و لادان لەرێگەی ڕاست" و خیانەت بە کۆماری ئیسلامی و دانی بەڵگە و دیکیۆمێنت بە دوژمنانی ئێران، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا
باسنیوز
