دوو سەربازی تورکیا لە سەرێ کانی کوژران

دوو سەربازی تورکیا لە سەرێ کانی کوژران
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگاری رووها، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2020، لە ئەنجامی هێرشێکی یەپەگە بۆسەر خاڵێکی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان، دوو سەربازی تورکیا کوژران، شەش سەربازی دیکە و دوو پاسەوانی نێوخۆییش برینداربوون.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تیرۆریستانی یەپەگە/پەکەکە بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو هێرشیانکردە سەر خاڵێکی پشکنینی سوپای تورکیا کە لەلایەن هێزەکانی جەندرمەی سنوور بەڕێوەدەبردران و لە ئەنجامدا دوو سەرباز شەهیدبوون، شەش سەربازی جەندرمە و دوو پاسەوانی خۆجێییش برینداربوون".

پارێزگاری رووها ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەربازە بریندارەکان بە خێرایی بە ئەمبوڵانسی سەربازی گەیێندرانە نەخۆشخانەی گشتیی جەیلانپنار لە رووها و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

وەکو لە راگەیێندراوەکەی پارێزگاری رووهادا هاتووە "تیرۆریستان هەوڵێکی دیکەیاندا بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەنزیک خاڵێکی دیکەی سەربازیی سوپای تورکیا لەسەر سنووری جەیلانپنار لەنزیک سنووری نێوان سەرێ کانی و جەیلانپنار-ی رووها، بەڵام هێزە ئەمنییەکان پووچەڵیان کردەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا یەپەگە/پەکەکە هیچ راگەیێندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
rudaw -
Top