ئێران لە یەمەن وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

ئێران لە یەمەن وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە


کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی سزادانی باڵوێزی وڵاتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن لەلایەن ئەمریکاوە، دەداتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران کریستۆڤەر هێنزل، باڵوێزی ئەمریکای لە یەمەن خستووەتە ناو لیستی سزاکانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، کریستۆڤەر هێنزل بەشداریی لە سەرکردایەتیکردنی شەڕ

”دژی یەمەنییەکان“ کردووە و یەکێکە لە پلانداڕێژەرانی دابەشکردنی یەمەن و هۆکارێکە بۆ دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتە.

ئەو هەڵوێستەی ئێران وەڵامێکە بۆ هەڵوێستی ئەمریکا، دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا حەسەن ئیرلۆ، باڵوێزی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی خستە لیستی سزاکانەوە.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.







باسنيوز
Top