پەیوەندییە سۆزدارییەکانی سیخوڕێکی چینی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرابوو

پەیوەندییە سۆزدارییەکانی سیخوڕێکی چینی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرابوو
لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی، کە ماوەی ساڵێکی خایاندووە، دەریخستووە خانمێکی سیخوڕی چینی، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ چەندین کەسایەتی سیاسی و دیاری ئەمریکادا بەستووە لە نێویاندا ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا.

لێکۆڵینەوەکە بۆیدەرکەوتووە، سیخوڕە چینییەکە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ چەندین بەرپرسی لۆکاڵیی ئەمریکیدا هەبووە، لەگەڵ دوو کەسایەتیشدا سێکسی کردووە.

خانمە چینییە گومانلێکراوەکە، کاری بۆ 'ئاژانسی سیخوڕیی سەرەکی چین' کردووە لە نێوان ساڵانی 2011 تاوەکو 2015.

ترسی بەردەوام

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن ماڵپەری 'ئیکسۆس'ەوە کراوە، ئاشکرایکردووە سیخوڕەکە ئەو رێگەیەی بۆ ئەمریکییەکان روونکردووەتەوە، کە بەهۆیەوە پەکین دەیەوێ پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکاندا دروست بکات.

هەرچەندە لێکۆڵینەوەکە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، چالاکییەکانی سیخوڕە چینییەکە لەسەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا بووە، بەڵام لە واشنتن ترسێک هەیە لەوەی کارەکانی لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیشدا، کاریگەرییان لەسەر بەرپرسەکان هەبووبێت، هەر بۆیە لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی بەدەستیهێناوە، لە ئیدارەی داهاتووی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆ بایدندا، درێژەی دەبێت.

سیخوڕەکە، کە هاووڵاتییەکی چینییە بەناوی ڤانگ ڤانگ، یان 'کریستین ڤانگ'، سیاسەتوانە تازەدەرکەوتووە ناوخۆییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لەناوخۆی وڵاتەکە و ناوچەی کەنداودا کردووەتە ئامانج.

ئەو سیخوڕە پشتی بە کۆکردنەوەی کۆمەک لە هەڵمەتەکان، پەیوەندی بەردەوام، کاریزمای کەسایەتی، پەیوەندییە رۆمانسییەکان و تەنانەت سێکسییەکانیش بەستووە، بۆ ئاسانکاری لە کارەکەیدا.

سەرچاوەکانی ناو لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایانکردووە، ڤانگ پەیوەندی سێکسی لەگەڵ لانیکەم دوو سەرۆک شارەوانیدا هەبووە لە ئەمریکا، ئەوەش ئاسانکاری بۆ کردووە لە دەسەڵاتدارە سیاسییەکان نزیکببێتەوە.

بەرپرسانی هەواڵگریی ئێستا و پێشووی ئەمریکا، ئەو زانیارییانە لەبارەی پەیوەندییەکانی سیخوڕەکەوە پشتڕاستدەکەنەوە، بەڵام ئەوان پێیانوانییە ڤانگ توانیبێتی زانیاری نهێنی بەدەست بهێنێت. بەڵام دۆسێیەکە، وەک بەرپرسێکی پایەبڵندی هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، "کێشەیەکی گەورە بوو، لەبەرئەوەی چەندین کەسی خاوەن پۆستی هەستیار کە لە تۆڕە سیخوڕییەکەیدابوون، دەستگیرکراون".

لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایکردووە، ڤانگ بەپلەی یەکەم، سیناتۆری دیموکرات لەسەر ویلایەتی کالیفۆرنیا، ئیریل سوالویلی کردووەتە ئامانج.

ڤانگ بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، کەسانی تایبەتی بەئامانجکردووە، بەتایبەت کەسانی دیاریکراوی دەسەڵاتدار، بەرپرسانی حکومی. ئەو کاری لەسەر خووەکانیان، شتە پەسندکراوەکانیان، خشتە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان و تەنانەت ئەو دەنگۆیانەی لەبارەیانەوە بڵاوبووەتەوە، کردووە.

بەپێی چالاکڤانێکی سیاسی و بەرپرسێکی هەواڵگریی ئەمریکا، خانمە سیخوڕەکە کاریکردووە لە بوارەکانی وەک کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی سوالویل لە ساڵی 2014دا.

چالاکڤانە سیاسییەکە ئەوەشی گوتووە، نووسینگەی سوالویلی کۆنگرێسمان، ئاگاداری راستەوخۆی ئەو چالاکییانە بووە، کە ئافرەتە سیخوڕە چینییەکە بەناوی ئەوەوە، کردوونی.

چالاکڤانە سیاسییەکە دانیبەوەداناوە، کە هیچ بەشدارییەکی نایاسایی لە سوالویل نەبینیووە، لەکاتێکدا تۆماری لیژنەی هەڵبژاردنە فیدراڵییەکان، ئاماژە بەوەنادات کە ڤانگ پارەی لە هەڵمەتەکانی کۆمەککردنی کۆنگرێسمانەکەدا دابێت، کارێک کە یاساکانی ئەمریکا رێگەنادەن کەسانی بیانی لە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی وڵاتدا بیکەن.

ئەو دوو سەرچاوەیە دووپاتیانکردووەتەوە، ڤانگ لانیکەم رۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی مەشقکارێک لە نووسینگەی کۆنگرێسمانەکە.

بڵاوکراوەیەکی نووسینگەی داواکاری گشتی، کە دراوەتە 'ئیکسیۆس'، دەڵێ "سوالویل، ماوەیەکی زۆرە، زانیاری کەسیی لەبارەی ئەو ئافرەتەوە ئاشکراکردووە و دووپاتیکردووەتەوە، کارەکە هەشت ساڵ لەمەوپێش بووە و شەش ساڵە ڤانگی نەیبینیوە".

چۆن ئاشکرا بوو؟

لەکاتی لێکۆڵینەوەیەکی هەواڵگریی دژدا کە لە فراوانبووندایە، لێکۆڵەرە فیدراڵییەکان زۆر ناڕەحەتبوون لە هەڵسوکەوتەکانی ڤانگ و چالاکییەکانی، بەشێوەیەک، ساڵی 2015 بەشێوەی ناڕاستەوخۆ مەترسییەکانی خۆیان لەبارەی ئەو خانمەوە بە کۆنگرێسمانەکە گوتووە.

بەرپرسێکی هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، دوای ئەو هۆشدارییە، سوالویل سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤانگدا پچڕاندووە. هەربۆیە هیچ تۆمەتێکی ئاراستە نەکراوە.

لە ناوەڕاستی 2015دا، وەک سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوەی ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە، ڤانگ بەشێوەیەکی لەناکاو و پێشبینینەکراو، خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەجێهێشتووە.

ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەڵێن، ئاشکرابوونی دۆسیەی ئەو سیخوڕە چینییە، دەریدەخات سرووشتی کارکردنی چین بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی کە چەندین ساڵ دەخایەنێت، چۆن بونیاد دەنرێت.

بەپێی ئەو راپۆرتە لێکۆڵینکارییە، بەرپرسانی حیزبی شیوعی چین، بۆیە کار لەسەر بەرپرسە لۆکاڵییە نەناسراوەکان دەکەن، چونکە ئەوان باشدەزانن سەرۆک شارەوانییەکانی ئەمڕۆ، سبەی دەبنە دیارترین بەربژێرانی کۆنگرێس و پۆستە باڵاکانی دیکەی وڵات.
rudaw -
Top