ئەمریکا سزا بەسەر دیپلۆماتکار و زانکۆیەکی ئێرانیدا دەسەپێنێت
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا بەسەر دیپلۆماتکارێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و زانکۆیەکی ئەو وڵاتە، دەسەپێنێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، حەسەن ئیرلۆ، باڵوێزی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن، ئەندامی سوپای قودسی ئێرانییە، کە ئەو سوپایە لەناو لیستی تیرۆری ئەمریکایە.
وەزارەتەکەی ئەمریکا جگە لە سەپاندنی سزای پەیوەندیدار بە تیرۆر بەسەر حەسەن ئیرلۆ، هەمان سزای بەسەر زانکۆی مستەفای نێودەوڵەتیی ئێرانی، کە لقی لە دەرەوی ئێرانیش هەیە، سەپاندووە.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێیوایە لقەکانی ئەو زانکۆ ئێرانییە لە جیهان، زانیاریی هەواڵگری بۆ دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی کۆ دەکاتەوە و ئۆپەراسیۆن لە دژی نەیارانی ئێران، دەکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەروەها سزای بەسەر عەلی یوسف عەلی مۆراج، هاووڵاتیی پاکستانیی دانیشتووی ئێران بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای قودس لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی ئێران، سەپاندووە.
سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر ئەو زانکۆ و ئەو دوو کەسایەتییە ئێرانییە خۆی لە سڕکردنی سامانیان لە دەرەوەی ئێران، دەبینێتەوە.
باسنیوز
