کۆڵبەرێک: ماستەرم لە ژمێریاری هەیە، بەڵام بێکارم و ناچارم ئەو کارە بکەم
ئارەش لهۆنی، نوێنەری هەورامان و جوانڕۆ و روانسەر لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "هاوردەکردنی کەلوپەل بەو کارتە قازانجێکی بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان نەبووە. قازانجی بۆ بازرگانانە، بۆیە داوایان لە حکومەت کردووە، رێڕەوە کۆڵبەرییە رێگەپێدراوەکان بکاتەوە تاوەکو خەڵکی سنوورەکان بتوانن خۆیان بژێنن".
کۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو جۆرە، بەشێکیان ئەو کۆڵبەرانە بوون کە پێشتر حکومەت کارتی هاتووچۆی پێدابوون و لەتەنیشت دەروازە سنوورییەکان، لە مەودایەکی کەمدا کەلوپەلیان لە دیوی باشوورەوە دەگواستەوە بۆ رۆژهەڵات. خاوەنی کارتەکان هەفتانە دوو بۆ سێ رۆژ نۆرەیان بەردەکەوت و بەوە داهاتێکیان دەستدەکەوت. دەورووبەری 80 هەزار کەس لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان ئەم کارتەیان هەبوو. ئەم شێوازە سێ ساڵە بە بیانووی نەهێشتنی قاچاخ نەماوە.
جۆرێکی دیکەی کۆڵبەری، گواستنەوەی کەلوپەلە بە کۆڵ، بە شاخەکاندا. ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەم کارە دەکەن دیار نییە، ئەمساڵ کە دۆخی ئابووریی خەڵک خراپتر بووە، ژمارەی ئەو جۆرە کۆڵبەرانە زۆر زیاتر بوون.
کۆڵبەرێک دەڵێت "چی بکەم، هیچ عیلاجم نییە. ماستەرم لە ژمێریاری هەیە، بەڵام بێکارم. دەی چی بکەم، ناچارم ئەوە بکەم بۆ پارووە نانێک".
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، لە هاوینی 2016 تاوەکو هاوینی ئەمساڵ 852 کۆڵبەر کوژراون یان برینداربوونە. لەوکاتەشەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 50 کۆڵبەری دیکە بوونەتە قوربانی. زۆربەی کۆڵبەران بە تەقەی پاسەوانی سنووری ئێران پێکراون، بەڵام ئەوانیش بەرپرسیارێتییەکە لەسەر ملی خۆیان لادەدەن.
فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران دەڵێت، هێزەکانیان تەنیا فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن. ئەحمەد عەلی گودەرزی رایگەیاندووە، پاسەوانی سنوور لەگەڵ کردنەوەی رێڕەوە کۆڵبەرییەکاندایە، بۆ هاوردەکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە رێگەپێدراون و هەوڵیشدەدەن بکرێنەوە.
پەرلەمانتارێکی هەورامان بە میدیاکانی گوتووە، کۆڵبەری دەستپێدەکاتەوە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران قسەکەی رەت یان پشتڕاست نەکردووەتەوە. ئەگەر باسەکە هەر بۆ سەرگەرمکردنی خەڵک نەبێت، جێبەجێکردنی زۆری ناوێت.
rudaw -
