ڕووسیا بۆ ڕێككەوتنی قۆناغی دووەمی S400 چاوەڕوانی توركیایە

ڕووسیا بۆ ڕێككەوتنی قۆناغی دووەمی S400 چاوەڕوانی توركیایە
رووسیا پابەندی تەواوی ئەو رێككەوتنە بووە كە لەگەڵ توركیا بۆ فرۆشتنی مووشەكی بەرگریی S400 ئەنجامی دابوو، بەڵام بۆ قۆناغی دووەمی ئەو رێككەوتنە كە كۆتایی قۆناغەكەیە و توركیا دەبێتە خاوەنی S400، جارێ توركیا هیچ هەنگاوێكی نەناوە.

سێرجەی چەمێزۆف بەڕێوەبەری كۆمپانیای (رۆستێك) بۆ بەرهەمهێنانی چەك لە رووسیا، دەڵێت بۆ قۆناغی دووەمی رادەستكردنی S400 چاوەڕوانی بڕیاری توركیاین.

سێرجەی قسەی بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی كرد و ئاماژەی بەوە داوە رووسیا هەموو ئەو ئەركەی لەسەری بووە بۆ قۆناغی یەكەمی رادەستكردنی مووشەكی بەرگری S400 بە توركیا جێبەجێی كردووە، بەڵام بۆ قۆناغی دووەم پەیوەستە بە بڕیاری توركیاوە.

ئەو گوتی:"ئێستا تۆپەكە لە ساحەی توركیایە، ئێمەش چاوەڕوانی بڕیاری هاوبەشەكەمانین كە توركیایە. ئێمە بەردەوام لەگەڵ توركیا لە پەیوەندیداین و كاری زۆر جیدیمان كردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی لەگەڵ توركیا لە قۆناغی دووەمی رێككەوتنەكەدا بتوانین لە چۆنییەتی بەرهەمهێنانی S400ئەوان هاوبەش بكەین".

باسی لەوەش كرد، وەكوو رووسیا قسە لەبارەی فرۆشتنی چەكی تریش دەكەن بە توركیا و لەو ڕووەشەوە بەردەوام لەگەڵ توركیا لەسەر هێڵن.

لەلایەكی ترەوە، ئاژانسی (سپوتنیك)ی روسی بڵاوی كردووەتەوە، رووسیا ئامادەكاریی تەواوی كردووە تا رێككەوتن لەگەڵ چەند وڵاتێكی تر بكات بۆ ئەوەی مووشەكی بەرگریی S500یان پێ بفرۆشێت، كە توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی چاوی لە كڕینی ئەو مووشەكەشە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، توركیا بە بڕی ٥ ملیار دۆلاری ئەمریكی مووشەكی بەرگریی S400ی لە رووسیا كڕیوە و پارەكەشی هەمووی رادەستی رووسیا كردووە.

بەهۆی ئەوەی توركیا ئەندامی ناتۆیە، بۆیە دەبێت هەر چەكێك كە دەیكڕێت ناتۆش رەزامەندیی لەسەر بدات، بەڵام توركیا بۆ كڕینی S400 گوێی بە ناتۆ نەداوە، بۆیە ئەمریكا هەڕەشەی لە توركیا كردووە، بەوەی ئەگەر ئەو مووشەكە بەرگرییە لە رووسیا بكرێت سزای بەسەردا دەسەپێنێت، بەتایبەت بوونی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا ئەركی توركیا قورستر دەكات.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، رەنگە توركیا ئەو مووشەكە بەرگرییە لە رووسیا بكرێت، بەڵام لەبەر ترسی ئەمریكا، لە كۆگاكانی خۆی هەڵیدەگرێت و بەكاری ناهێنێت، بەكاریشی نەهێنێت، ئەمریكا سزای بەسەردا ناسەپێنێت.











باسنيوز



Top