وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندی سزا بەسەر تورکیا دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندی سزا بەسەر تورکیا دەکەن


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا، دەکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 7-12-2020، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کۆببنەوە و ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە بکەن، کە لە رۆژی پێنجشەممە 10-12-2020 ساز دەکرێت.

لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆ لەبارەی هۆکارەکان و شێوازەکانی سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا دەکەن و بڕیاردان لەبارەیانەوە، بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، بەجێ دەهێڵن.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپی بەهۆی سووربوونی تورکیا لە گەڕان بە دوای گازی سروشتیدا لە دەریای سپیی ناوەڕاست، گفتوگۆ بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتە دەکەن.

کێشەی نێوان تورکیا و قوبرسی یۆنانی خۆی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتی لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست دەبینێتەوە، کە قوبرسی یۆنانی ئەو ئاوانە بە سنووری وڵاتەکەی دادەنێت، جگە لە دەست بەسەرداگرتنی باکووری دوورگەی قوبرس لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 1974 و دامەزراندنی دەوڵەتی قوبرسی تورکی، کە تەنیا تورکیا دانی پێدا ناوە.





باسنيوز
Top