نەتەوە یەکگرتووەکان ماریوانای لە لیستی 'هۆشبەرە مەترسیدارەکان' دەرهێنا
بەپێی تاکە رێکەوتنی جیهانی بۆ دەستنیشانکردنی جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان، کە ساڵی 1961 گەڵاڵە کراوە، ماریوانا یان ئەوەی لە هەندێک شوێن بە قەنەبی هیندی ناودەبرێت، هاوتای هۆشبەرەکانی دیکەی وەک هیرۆیین و کۆکایین مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لیژنەی هۆشبەرەکان، سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ناوی ماریوانای لە لیستەکەدا لابرد، لە کاتێکدا ئەو لیستەی نزیکەی 60 ساڵ لەمەوبەر و لە ناوەڕاستی سەدەکانی رابردووەوە، بۆ رێکخستنی مامەڵەی نێودەڵەتی لەگەڵ جۆرەکانی هۆشبەر و بنەمای داڕشتنی سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ هۆشبەر لە جیهاندا گەڵاڵە کرابوو، وەک خشتەی رێنوێنی بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەکارهێنانی ئەو رووەکە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا.
لە رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکەی ساڵی 1961دا، ماریوانا لە جۆری یەکەمی ئەو دەرمانانە ناویهاتووە، کە بە هۆشبەرە قەدەخەکراوەکان ناودەنرێت، بەوەش بەکارهێنانی لەسەرئاستی تاک قەدەخە دەکات، ناوی هەمان بەرهەم لە مادەی چواری رێکەوتنەکەدا هاتووە، کە رێگە بەبەکارهێنانی سنوورداری دەدات، لە چوارچێوەی رێوشوێنە تووندەکاندا.
لەدوا دەنگدانی لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی مادە مەترسیدارە هۆشبەرەکانەوە، چیدی ناوی ماریوانا لە لیستەکەدا نەمایەوە. بەوەش رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیڕەوی رێنوێنییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی کرد، کە بەر لە دوو ساڵ، داوای پێداچوونەوەی ناساندنی پلەبەندی مەترسیی، ئەو جۆرە رووەکەی کردبوو. رێگەپێدانەکەی 'یوئێن' رێگە بەبەکارهێنانی سنوورداری رووەکەکە، وەک سەرچاوەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمان، تەماشا دەکات.
شتیڤان کریمر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای 'هیدای' بۆ ماریوانا، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019دا دامەزراوە، دەڵێت ئەو بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێتە هۆکاری نیمچە هەڵگرتنی بڕیاری بەشەیتان ناساندنی ماریوانا، کە ماوەیەکی زۆرە هەیە.
کریمر و کۆمپانیاکەی، کاری هەناردە و کۆگاکردن و دابەشکردنی گوڵی ماریوانادا دەکەن، لەپێناو سوودە تەندروستییەکانیدا، ئەو کتیبێکیشی لەوبارەیەوە نووسیووە بەناوی "داهاتوو و رابردووی مشتومڕەکان لەبارەی ماریواناوە".
کارەکانی کۆمپانیای 'هیدای' چیدی بەنایاسایی ناونابرێت، چونکە چەندین کۆمپانیای تازەدروستبووی هاوشێوەی ئەو، ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ چوونە ناو بازرگانییەکانی پەیوەست بە ماریوانای پزیشکییەوە.
ئەو دەڵێ: "پێشتر ماریوانا وەک رووەکێکی بێسوود بۆ بەکارهێنانە تەندروستییەکان تەماشا دەکرا، بەڵام سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و لابردنی لە لیستی هۆشبەرە مەترسیدارەکان، بوار بەڕووی گۆڕانی بنچینەیی لەبارەی تێڕوانین بۆ رووەکەکە دەهێنێتە ئاراوە".
دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێگەنادات بەئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگی یاساییبوونی تەواوەتی، بەبەر ماریوانادا بکەن، لە کاتێکدا پێشتر چەندین دەوڵەت لەئاستی ناوخۆدا، هەڵگرتن و بەکارهێنانی ماریوانایان لە لیستی قەدەخەکراوەکانی خۆیان لابردووە.
بڕیارە نوێیەکە، دەنگدانی بەرچاوی بەدەستهێنا، هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆرینەی دەوڵەتانی ئەوروپا و مەغریب پێی رازیبوون، لە کاتێکدا چین، پاکستان، زۆرینەی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و رووسیا لە دژی وەستانەوە، بەڵام بڕیارەکە بەزۆرینە قبووڵکرا.
یۆرگن نیومایەر، لە کۆمەڵەی پیشەسازییەکانی ماریوانا، پێیوایە نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی باشی کردووە، کە شوێنپێی رێنوێنییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەڵگرتووە و رۆژی چوارشەممەی پێشوو، بڕیاری لابردنی ماریوانای بەکارهێنراو بۆ سوودە تەندروستییەکانی لە لیستی کەرەستە زۆر مەترسیدارەکانی جیهاندا، لابردووە.
ئەو دەڵێت، دەبوو یو ئێن لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەو بڕیارە دەربکات، بەڵام دواخرا. ئەو پێیوایە ئەو بڕیارە "هاندەرێکی نێودەوڵەتی دەبێت، پێشبینی ئاسانکاری جیهانی دەکەین بۆ بەکارهێنانی ماریوانا لە بواری پزیشکیدا، پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەین، چونکە لەدوای بڕیارەکەوە ئیدی هاوردەکاران، جووتیاران و دابەشکارانی ئەو جۆرە گیایە، پێشبینی کەمبوونەوەی رێگرییە بیرۆکراتییەکان دەکەن لە داهاتوودا".
بەهۆی ماریواناوە شێرپەنجەی تێپەڕاند
نەدا روبەیعی کە پەنابەرێکی عێراقیی نیشتەجێی ئەوروپایە، بۆخۆی پزیشکە و توانی بەبەکارهێنانە تەندروستییەکانی ماریوانا، نەخۆشیی شێرپەنجە تێبپەڕێنێت.
نەدا دوو ساڵ لەمەوپێش وەک، کاریگەرترین پەناهەندە لە هۆڵەندا دەستنیشانکرا، ئێستا لەرێگەی دروستکردنی دەرمانی دەرهێنراو لە رووەکی ماریوانا بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە، جارێکی دیکە تیشکی میدیای کەوتووەتە سەر و بە هەنگاوێکی دیکەی سەرکەوتن، لە کارەکانی ئەو دەڕوانرێت.
لەبارەی رێوشوێنە تووندەکانی حکومەتی ئەڵمانیاوە، لەبارەی پیشەسازیی ماریوانا، کریمر ئاماژە بەوە دەدات کە لەسەر خاکی ئەو وڵاتە، رووەکی ماریوانا تەنیا لە نێو کۆگایەکی تایبەتی سیکیوریتی توونددا، رێگە بەهەڵگرتنی دراوە. ئەوەشی ئاشکراکردووە کۆمپانیاکەی، کۆگایەکی لە چیمەنتۆ دروستکراوی بۆ هەڵگرتنی ماریوانا دروستکردووە، ئەوەش لەبواری لۆجیستی و داراییەوە، کارەکان زەحمەتتر دەکات.
وێڕای ئەو گەشبینییانەی لەدوای بڕیارەکەی لیژنە نێودەوڵەتییەکەوە سەریانهەڵداوە، بەڵام پێشبینی ناکرێت کارەکە بەئاسانی رێوشوێنی خۆی بگرێت، ئالفریدۆ باسکوال، لە گۆڤاری 'ماریوانا بیزنس دەیلی'، کە گۆڤارێکی پێشەنگی ئەمریکییە، بۆ چاودێریکردنی پیشەسازیی ماریوانا و بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، دەڵێ "ماریوانا هەر لە ریزی یەکەمی ناو لیستی رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکەدا دەمێنێتەوە، کە رێوشوێنی تووند لەسەر بەکارهێنانی ناتەندروستانەی رووەکەکە دەسەپێنێت".
ناکۆکی نێودەوڵەتی لەسەر ماریوانا
ئەڵمانیا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی دەنگی بەلابردنی ناوەکە، لە نێو لیستەکەدا داوە، چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپیش بوونە هۆکاری لابردنی ناوی رووەکەکە لە لیستە رەشەکەی هۆشبەری جیهانیدا.
بڕیارەکە یەکەمجارە هەموارکردنەوە بۆ لیستە جیهانییەکە دەکات. بەتایبەت کە ئەو هەموارکردنەوەیە، هاوتای ئارەزوومەندانەبوونی بڕیارەکەی ساڵی 1961ی نەتەوە یەکگرتووەکان تەماشا دەکرێت، چونکە پێشتر چەندین وڵات، بڕیاری خۆبەخۆیان لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ جۆرەکانی هۆشبەردا دەرکردبوو، لەوانەش کەنەدا و پاراگوای.
هەندێک دەوڵەت هێشتا بڕوایان بە بڕیارەکە نییە، گۆڕانکارییەکەشیان قبووڵ نەبوو، هەرئەوەش وایکرد، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە پەنا بۆ 'چارەسەری ناوەندی' ببات، لەبارەی رووەکەکە و مامەڵەکردن لەگەڵیدا، لەبەرئەوەی وەک باسکوال دەڵێ، زەحمەتبوو لابردنی یەکجارەکی ماریوانا لە لیستی 'هۆشبەرە مەترسیدارەکاندا' لە نێو ژوورەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشوازی لێبکرێت.
باسکوال گوتوویەتی، سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی لیستەکە، ئاماژەی روون دەدات، لەسەرئەوەی "ماریوانا بەو شێوەیە مەترسیدار نییە، وەک ئەوەی پێشتر باسدەکرا، ئێستا دونیا گۆڕاوە، ئێستا مرۆڤایەتی لە هەموو کات زیاتر هەست بەوە دەکات کە ئەو رووەکە، بۆ بەکارهێنانی پزیشکی لەسەرئاستی جیهان، بە فراوانی بەکاردەهێنرێت، هەروەها بڕیارەکە دوودڵییەکانی هەندێک وڵات لەبارەی رووەکەکەوە ناهێڵێت، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی پێشتر دەستکاری یاساکانی خۆیانکردووە لەبارەی رووەکەکەوە، وەک هەندێک وڵاتی ئاسیایی و ئەفریقی".
سەرەتاکانی دروستکردنی دەرمان لە ماریوانا
لەدوای بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، پێشبینیدەکرێت ئاوڕدانەوەی زیاتر لە کاریگەرییە تەندروستییەکانی ماریوانا بێتە ئاراوە. کریمر پێیوایە بەهۆی بڕیارەکەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمان دەتوانن لە بواری توێژینەوەکانیان، لەسەر کاریگەرییەکانی رووەکەکە بەردەوامبن، ئەو دەڵێت: "داننان لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو رووەکەدا، رێگەخۆشدەکات بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە پێشتر دڕدۆنگ بوون لەسەر ماریوانا، چیدی ئەو دڵەراوکێیەیان نەمێنێت".
تائێستا لە جیهاندا هیچ کۆمپانیایەک، وەبەرهێنانی لە توێژینەوەکانی تایبەت بەسوودە پزیشکییەکانی ماریوانادا رانەگەیاندووە، بەڵام کریمر دەڵێ "ئەوە لە داهاتوودا دەگۆڕێت، دەبینین چەندین کۆمپانیای گەورەی دەرمان دەست بە توێژینەوەکانیان دەکەن". ئەمە جیا لەوەی کە پێشتر کۆمپانیاکان ترسیان لە دەستبردن بۆ ئەو بابەتە هەبوو، بەهۆی قەدەخە نێودەوڵەتییەکەوە.
سوودەکانی ماریوانا
ماریوانا لە چەندین لایەنی جیاوازەوە سوودی لێوەردەگیرێت، ئەو مادەیە کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی مێشک دروستدەکات، رووەکەکە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر چەندین نەخۆشی پێشانداوە، بەهۆی بەکارهێنان یان ئەو دەرمانانەوە کە لێی دروستدەکرێت.
سوودی هەیە بۆ ئەو کەسانەی گوشاری چاویان هەیە، هەروەها بۆ تووشبووانی ئایدز سوودی لێوەرگیراوە، لەبەرئەوەی تووشبووانی ئەو نەخۆشییە ویستی خواردن لەدەستدەدەن، رووەکەکە بۆ قەڵەوبوونەوەی ئەو کەسانە کاریگەرە.
توێژینەوەکان دەریانخستووە، ماریوانا ئەگەر لە رۆژێکدا سێجار بەکاربهێنرێت، ئازارەکانی مێشک کەمدەکاتەوە، هەروەها گرژبوونی ماسوولکەکانی لەش خاو دەکاتەوە، یارمەتیدەرە بۆ کەسانی تووشبوو بە خەمۆکی، ئەوانەی تووشی رۆماتیزم و شێرپەنجە بوون.
هەندێک توێژینەوەی دیکە ئاشکرایانکردووە، ماریوانا و رۆنی بەرهەمهێنراوی ئەو رووەکە، دوودڵی کەمدەکەنەوە، رێگەخۆشکەرە بۆ دەردانی هۆڕمۆنەکانی دڵخۆشی. رووەکەکە هەروەها چەندین بەرهەمی جیاوازی جوانکاری لێ دروست دەکرێت.
rudaw -
