فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودسی ئێرانی بە کۆرۆنا گیانی لەدەست دا
ئەمڕۆ یەکشەممە 6-12-2020، ئاژانسی هەواڵیی (تەسنیم)ی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، کە عەمید عەبدولڕەسول مەحمودئابادی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس، بەهۆی بە خراپی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەست داوە.
ئاژانسی تەنسیم بەبێ ئاشکراکردنی کاتی تووشبوونی ئەو فەرماندەیە بە پەتای کۆرۆنا، بڵاوی کردووەتەوە، مەحمودئابادی دوایین ئەرکی سەربازیی خۆی لە عێراق جێبەجێ کردووە و هەر لەو وڵاتەش تووشی کۆرۆنا بووە.
عەبدولڕەسول مەحمودئابادی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس بەشداریی ئەرکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و لەگەڵ حوسێن هەمەدانی، یەکێک لە فەرماندەکانی دیکەی سوپای قودس بەشداریی ئەرکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە سووریا، کردووە.
باسنيوز
